کارەبای عێراق: گازی هاوردەکراوی ئێران گەیشتووەتە 10 ملیۆن مەتر سێجا و پێویستمان بە 30 - 35 ملیۆنە

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق بووەتە 10 ملیۆن مەتر سێجا، کە بەراورد بە دوو هەفتە لەمەوبەر 8 ملیۆن مەتر سێجا کەمیکردووە. گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، پێویستییان بە 30 بۆ 35 ملیۆن مەتر سێجایە و گازی نێوخۆش بۆ نیوەی بەرهەمی پێشووی کەم بووەتەوە.
 
دووشەممە 6ی نیسانی 2026 ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا بڕی گازی هاوردەکراو لە کۆمارى ئیسلامیى ئێرانەوە 10 ملیۆن مەتر سێجایە، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بۆ 5 ملیۆن مەتر سێجا کەمبووەوە. بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا پێویستمان بە هاوردەکردنی 30 بۆ 35 ملیۆن مەتر سێجایە."
 
بەگوێرەی ئامارێک کە رووداو 24ی ئادار لە وەزارەتی کارەبای عێراقەوە دەستى کەوت، ئەو کات بڕی گازی هاوردەکراو لە ئێرانەوە گەیشتە 18 ملیۆن مەتر سێجا.
 
ئەحمەد موسا رایگەیاند، "ئەو کورتهێنانەی لە گازی هاوردەکراودا دروستبووە، کورتهێنانی کارەبای لە ناوچەکانی باشووری عێراق دروستکردووە. ئێستا بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا 14 هەزار مێگاواتە، لەکاتێکدا پێویستمان بە 25 هەزار مێگاواتە."
 
زۆرینەی کارەبای بەرهەمهێندراوی عێراق پشت بەو وێستگانە دەبەستێت کە بە گاز کاردەکەن. پێویستیی عێراق بۆ کارەبا لە وەرزی گەرمادا بەرزدەبێتەوە بۆ زیاتر لە 30 هەزار مێگاوات.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بڕی گازی بەرهەمهێندراوی ناوخۆ بۆ وێستگەکان بۆ زیاتر لە نیوە کەمبووەتەوە و لە یەک ملیۆن پێ سێجاوە بووەتە 450 ملیۆن پێ سێجا.