سێیەم کەشتیی تورکیا بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕی
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوەی تورکیا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، سێیەم کەشتیی خاوەنکارە تورکەکان توانیویەتی بە سەلامەتی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕێ.
لەوەتەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە دەستی پێکردووە، تاران تەنگەی هورمزی بە رووی کەشتیوانیدا داخستووە.
لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" عەبدولقادر ئوراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوەی تورکیا نووسیویەتی، "کەشتیی ئۆشن تەندەر کە نەوتی خاوی لە عێراقەوە بۆ مالیزیا بارکردبوو، شەوی رابردوو بە سەلامەتی لە تەنگەی هورمز تێپەڕی."
بەگوێرەی زانیارییەکانی ناوەندی "مارین ترافیک" بۆ چاودێریی کەشتییەکان، ئەم کەشتییە لە بەندەری بەسرەی عێراقەوە بەرەو مالیزیا بەڕێکەوتبوو.
ئەمە سێیەم کەشتییە کە لە چەند رۆژێکی کەمدا بە سەلامەتی لە تەنگەکە دەردەچێت، ئەوەش دوای ئەوەی لە پشووی کۆتایی هەفتەدا دوو کەشتیی دیکە دەرباز بوون.
ئوراڵئۆغڵو ئاشکرای کرد، بە دەربازبوونی ئەم کەشتییە ژمارەی ئەو کەشتییانەی خاوەنکارە تورکەکان کە لە نزیک تەنگەی هورمز گیریان خواردووە بۆ 12 کەشتی کەمبووەتەوە. لەو ژمارەیەش هەشت کەشتییان داوای دەربازبوون دەکەن.
وەزیری گواستنەوەی تورکیا گوتی، هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ دابینکردنی ڕێڕەوێکی سەلامەت بۆ دەربازبوونی ئەو هەشت کەشتییە و پاراستنی گیانی 156 کارمەندی سەر کەشتییەکان.