عێراق لەمەودوا رۆژانە 90 هەزار بەرمیل زیاتر هەناردە دەکات لە رێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە لەئەمڕۆوە 6ی نیسانی 2026 بڕی 90 هەزار بەرمیل رۆژانە لە بیرە نەوتەکانی عێراقەوە بهێندرێت بۆ وێستگەی K1 لە کەرکووک بۆ ئەوەی بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بۆ بازاڕی نەوتی جیهان لە رێگەی بۆڕیی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بگاتە 340 هەزار بەرمیل لە رۆژێک دا . 
 
توانای وێستگەى سەرەکیی نەوتی کەرکووک زیاد دەکرێ کە لێیەوە نەوت بە رێگەی بۆڕیی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێ و لەمەودوا 90 هەزار بەرمیلی دیکە لە کێڵگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراقەوە بۆ ئەو وێستگەیە دەگوازرێتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ 250 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک رۆژانە هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت.
 
 ئەو رێکارە نوێیە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە لە 5ی نیسان لە وێستگەى K1 (کەی وەن)لە کەرکووک تەواوکراوە و تاقیکراوەتەوە، کە بریتی بووە لە زیادکردنی پەمپی پاڵنانی نەوتەکە.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە دەستیکەوتووە، پێشتر بەهۆی کۆنی پەمپەکانی وێستگەى K1، توانای پاڵنانی نەوت لە ئاستی پێویست نەبووە و بڕیارە لەمەودوا لە کێڵگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراقەوە رۆژانە 90 هەزار بەرمیل نەوت بگوازرێتەوە بۆ وێستگەکە بۆ ئەوەی لەوێوە هەناردە بکرێت.
 
 وێستگەى K1 جگە لە پەمپى پاڵنانى نەوت، کۆگاشی هەیە کە توانای کۆگاکردنی نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە، کە ئێستا نەوتی بەرهەمهێندراوی کێڵگەکانى بای حەسەن، خەباز، جەمبوور و کەرکووکی بۆ دەگوازرێتەوە و دواتر لەوێوە نەوتەکە بە رێگەی بۆڕیی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا رەوانە دەکرێ تاوەکو بگاتە بازاڕی جیهانی نەوت.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە کە هەناردەی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆڕیی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا زیاتر بکرێ کە ئێستا رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتە، واتە بڕیارە 90 هەزاری دیکەی بۆ زیاد بکرێت."
 
پەنابردنى وەزارەتى نەوتى فیدراڵی عیراق بۆ بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە هات کە لە 28ی شوباتەوە بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەرەکانی بەسرەوە راگیرا، بەهۆی مەترسییەکانی تێپەڕبوون بە تەنگەی هومرزدا. لە 18ی ئادارەوە هەناردەی نەوتی کەرکووک لە رێگەی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە.
 
عامر خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە (ئاژانسی دەنگوباسی عێراق)ی راگەیاند، ئەو چاکسازییە وادەکات توانای پاڵنانی کۆگای  K1 لە 45 هەزار بەرمیلەوە ببێتە 90 هەزار و ئەو نەوتەی بۆ کۆگاکە دەهێنرێ هەناردەی تورکیا دەکرێت.
 
توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی چوار کێڵگەکەی کەرکووک زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوتە، نزیکەی 60 هەزار بەرمیلی دەنێردرێ بۆ پاڵاوگەی بێجی، 10 بۆ 15 هەزار بەرمیلیشی بە تەنکەر هەناردەی ئوردن دەکرێت بە نرخێکی هەرزانتر لە نرخی بازاڕ دەدرێتە ئوردن .
 
سەرچاوەکەی رووداو لە کۆمپانیای نەوتی باکوور گوتی: "لە دووشەممەوە کۆگای کەی وەن ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی ئەو 90 هەزار بەرمیلە وەربگرێ، کە چاوەڕێ دەکرێت رۆژانە لە رێگەی 400 بۆ 450 تەنکەرەوە بۆی بگوازرێتەوە."
 
عێراق رۆژانە پێویستى بە هەناردەکردنى 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوتە بۆ دەستەبەرکردنى خەرجییەکانى. ئێستا عێراق جگە لە رێگەی تورکیاوە بە تەنکەر نەوت لەرێگەى سووریاشەوە هەناردە دەکات .