عێراق دەڵێت، لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر یەکخستنی رێکارە گومرگییەکان رێککەوتوون

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ کاروباری ئابووریی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ یەکخستنی سیاسەتی گومرگی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان. هەروەها بڕیاردرا دەروازەی ترێبڵ بۆ هاوردەکردنی زێڕی بازرگانی بەکاربهێندرێت.
 
رۆژی دووشەممە، 6ـی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ کاروباری ئابووری بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی و شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بەشداربوون، کە پێکهاتبوون لە سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، مستەشارانی وەزارەتی دارایی و سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنەکە، فوئاد حوسێن لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە عێراق بەهۆی بارودۆخی شەڕ لە ناوچەکەدا، رووبەڕووی ئاستەنگی ئەمنی، ئابووری و بازرگانی بووەتەوە، بۆیە جەختی لە گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان لەم قۆناخە هەستیارەدا کردەوە.
 
لەلایەن خۆیەوە، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە هەر هەوڵێکی حکومەتی فیدراڵی دەکات بۆ پەرەپێدانی سیستمی گومرگی و ئەلیکترۆنیکردنی رێکارەکان، بە ئامانجی بەهێزکردنی شەفافیەت و زیادکردنی داهاتی گشتی.
 
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی سیستمی (ئەسیکۆدا) لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان کرا و رێککەوتن لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی، لەوانەش پێناسەی گومرگی و سیاسەتی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا شاندێکی تەکنیکی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی نیشتمانیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کۆببنەوە بۆ یەکخستنی رێکارە تەکنیکییەکان بە رەچاوکردنی تایبەتمەندییە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو راپۆرتی کۆتایی بۆ بڕیاردان رادەستی ئەنجوومەنەکە بکرێت.
 
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزاریی بڕیاردرا دەروازەی سنووریی ترێبیڵ وەک دەروازەی فەرمی بۆ هاوردەکردنی زێڕ بۆ نێو عێراق زیاد بکرێت. 
 
ئەم بڕیارە تاوەکو ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە قەدەخەی گەشتە ئاسمانییەکان، کە بەهۆی چالاکییە سەربازییەکانی ناوچەکە دروستبووە، لادەبرێت.