نوێنەرى ئەسیکۆدا لە عێراق بۆ رووداو: ناوەڕاستى 2026 سیستەمەکە رادەستى عێراق دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرى ئەسیکۆدا لە عێراق راگەیاند، مانگى تەممووزى 2026 سیستمەکەیان بە تەواوى رادەستى حکومەتى عێراق دەکەن و لە ناوەڕاستى 2028دا کۆتا قۆناخى جێبەجێ دەکرێت. دەشڵێت: "تاوەکو ئێستا حکومەتى هەرێمى کوردستان داوایان لێنەکردووین سیستمى ئەسیکۆدایان بۆ دابنێین".
 
نزار عەمارى، نوێنەرى ئەسیکۆدا لە عێراق بە رووداوى راگەیاند، لە حوزەیرانى 2026 بەتەواوى سیستمى ئەسیکۆدا لە عێراق رادەستى لەلایەنە پەیوەندارەکان دەکەن. 
 
نزار عەمارى گوتى: "ئێستا سەرقاڵی جێبەجێکردنى قۆناخى دووەمین و 45٪ى تەواو بووە، کە پەیوەندیدارە بە دروستکردنى پەیوەندى و بەستنەوەى گومرگە بە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە عێراق."
 
ئەسیکۆدا شێوازێکى نێودەوڵەتى بەڕێوەبردنى گومرگە کە بازرگانى دەرەکى تێدا رێکخراوە و زانیارى لەسەر بارى کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات، ئەوە جگە لە ئاسانکاریى رێوشوێنەکانى گواستنەوەى کاڵا.
 
نوێنەرى ئەسیکۆدا لە عێراق گوتی: "قۆناخى کۆتایی لە 2028 تەواو دەبێت، کە پەیوەندیی بە بازرگانى دەرەکییەوە هەیە".
 
تائێستا بەغدا و هەولێر رێکنەکەوتوون ئەو سیستمە هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە، کە 17 دەروازەى سنووری وشکانى و دەریایی و یەکەى گومرگى فڕۆکەخانەکان دەگرێتەوە. 
 
نزار عەمارى گوتى: "تائێستا هەرێمى کوردستان داواى لێنەکردووین سیستمى ئەسیکۆدایان بۆ دابنرێت، ئەو سیستمەى لە هەرێمى کوردستان کارى پێدەکرێت لە نەوەى سێیەمە لەکاتێکدا ئەوەى عێراق لە نەوەى پێنجەمە".
 
108 وڵاتى و ناوچەی جیهان کار بە سیستمى رێوشوێنى بازرگانى ئەسیکۆدا دەکەن، کە زۆرینەیان لە کیشوەرى ئەفریقا و ئەمریکاى باشوورن، بەڵام تائێستا لە نێوان بەغدا و هەولێر رێککەوتنى کۆتایی نەکراوە بۆ ئەوەى ئەو سیستمە لە دەروازەکانى هەرێمى کوردستان کاری پێ بکرێت.