سامانە سرووشتییەکان 15 ملیۆن دۆلار حەقدەست دەداتە گۆڵف کێستۆن
رووداو - هەولێر
کۆمپانیای گۆڵف کێستۆن رایگەیاند، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕی 15 ملیۆن دۆلاری وەک حەقدەستی مانگی 3ی ئەمساڵی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی شێخان، وەرگرتووە.
لەو 15 ملیۆن دۆلارە، 12 ملیۆن دۆلار حەقدەستی هەناردەکردنی نەوتە لە مانگی ئاداردا، سێ ملیۆن دۆلاری دیکەش بۆ قەرەبووی حەقدەستە کەڵەکەبووەکانی کۆمپانیاکەیە لە چەند ساڵی رابردوودا.
لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە بە بڕیاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نەوتی کێڵگەی شێخان بەهۆی قورسبوونییەوە تێکەڵ بە بۆری نەوتی کوردستان - جەیهان ناکرێت و بە تانکەر هەناردە دەکرێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاندووە، بۆ پاراستنی کوالێتی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان نەوتی شێخان بەجیا وەک نەوتی قورس هەناردە دەکات.
رۆژی چوارشەممە بەهۆی وەرگرتنی حەقدەستەکانییەوە، بەهای هەر پشکێکی کۆمپانیا گۆڵف کێستۆن لە بازاڕی بۆرسەی لەندەندا بەڕێژەی 1.6% بەرزبووەوە و گەیشتە 101 پێنس.
داڕشتنەوە: حەکیم داود