خەزنەدارێک لە بانکی تانجەرۆ: هیچ بڕە پارەیەک بۆ بانک نەنێردراوە
رووداو دیجیتاڵ
شەش بەڕێوەبەرایەتیی لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتووە. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "بانکی هەرێم لە سلێمانی پێیان راگەیاندووم، هەموو هەوڵێک دەدەن ئەمڕۆ مووچەی خانەنشینان دابەش بکەن."
رۆژی چوارشەممە 6-7-2022، ئاری رەباتی، خەزنەدار لە بانکی تانجەرۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بانکی هەرێمەوە بۆ بانکەکانی سلێمانی نەنێردراوە، پێشبینی دەکەین ئەمڕۆ پارە بۆ مووچەی خانەنشینان بنێرن، بەڵام بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکە هێشتا هیچ شتێک دیار نییە."
بەگوێرەی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بڕیاربوو دوێنێ خانەنشینانی شارستانی، وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، رۆشنبیری و لاوان و کارەبا، مووچەی مانگی حوزەیران وەربگرن.
دوێنێ، جگە لە بەشێک لە خانەنشینانی مەدەنی، هیچ بەڕێوەبەرایەتییەکی دیکە مووچەی وەرنەگرتووە. لەشکر ئیبراهیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان لە پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت، "هیچ گرفتێک دروست نەبووە و سەرجەم خانەنشینان مووچەکانیان وەرگرتووە، دوێنێ لەگەڵ خەزنەداری بانکێک لە هەولێر قسەمکردووە و پێ گوتووم هیچ گرفتێکی دابەشکردنی مووچە لە هەولێر نییە."
گوتیشی، "ئەمڕۆ لەگەڵ خەزێنەی پارێزگای سلێمانیش قسەم کردووە و پێیان گوتووم، گرفتی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان چارەسەر بووە و ئەمڕۆ مووچەکانیان وەردەگرن. پەیوەندیم بە بانکی هەرێم لە سلێمانیش کردووە و گوتیان هەموو هەوڵێک دەدەن ئەمڕۆ مووچەی خانەنشینان دابین بکەن."
بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلیمانیش تائێستا مووچەکانیان وەرنەگرتووە. فەرەیدوون عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ژمێریاری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی بە رووداوی گوت: تائێستا ئاگادار نەکراونەتەوە چ کاتێک مووچەی مانگی ئایار وەردەگرن.
هەر ئەمڕۆ سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە رووداوی گوت: بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی مووچەی مانگی حوزەیرانی وەرنەگرتووە و ئەمڕۆ لیژنەیەکیان بۆ بانک ناردووە بۆ ئەوەی بزانن ئەمڕۆ مووچە وەردەگرین یاخود نا، بەڵام تائێستا دیار نییە چ کاتێک مووچە وەردەگرن.
گرفتی دابەشکردنی مووچە تەنیا لە پارێزگای سلێمانی نییە، دوێنێ لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش گرفتی دابەشکردنی مووچە دروستبوو و هیچ بەڕێوەبەرایەتییەک مووچەی وەرنەگرتووە.
ئەمڕۆ، ئاریا ئەنوەر، بەڕێوەبەری بانکی گەرمیان بە رووداوی گوت، "ئەو بەرێوەبەرایەتییانەی دەبوو دوێنێ مووچەکانیان وەربگرن، وەریان نەگرتووە. چونکە هیچ بڕە پارەیەک بۆ بانکەکانمان نەهاتووە."
بە گوێرەی ئەو خشتەیە بێت کە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، دەبێت ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و شارەوانی مووچەی مانگی حوزەیران وەربگرن. بەڕێوەبەری بانکی گەرمیانیش دەڵێت، "پیشبینی ناکەین ئەوانیش ئەمڕۆ مووچەکانیان وەربگرن."
ئاری رەباتی، خەزنەدار لە بانکی تانجەرۆ ئەویش جەختی لەوەکردووە، "پێشبینی ناکەن ئەمڕۆ بتوانرێت مووچەی خوێندنی باڵا و شارەوانی دابەشبکرێت."