نرخی یەک ئۆنسە زێڕ 2390 دۆلاری تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ رۆژی هەینی لەدوای داخستنی بازاڕەکان، بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و یەک ئۆنسە بە 2391 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەو ئاستە بەرزترین ئاستی نرخی زێڕە لە ماوەی پێنج هەفتەی رابردوودا. هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێر بەپێی شرۆڤەکاران، سستبوونەوەی بازاڕی کاری ئەمریکایە.
رۆژی هەینی وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی شەشدا 206 هەزار هەلی کاری نوێ راگەیێندراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە مانگی رابردوو 272 هەزار هەلی کاری نوێ راگەیێندرابوو.
دابەزینی ژمارەی هەلی کاری نوێ، هێمایەکە بۆ سستبوونەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا، کە خۆی لە خۆیدا دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ دابەزینی هەڵاوسان.
تای وانگ، بازرگانی سەربەخۆی زێڕ لە نیویۆرک لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی زێڕ لەدوای راگەیاندنی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری لە ئەمریکا، بەرزبووەتەوە."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاری ئەمریکا، رێژەی بێکاری لە مانگی شەشدا بەرزبووەتەوە بۆ 4.1% لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا رێژەی بێکاری 4% بێت.
تای وانگ، پێیوایە ئەگەر هاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیار بدات لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵەوە دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی بکات، بە ئەگەری زۆرەوە نرخی زێڕ دەگاتەوە بەرزترین ئاستەکانی خۆی، کە 2450 دۆلارە.