بەرزبوونەوەی نرخەکان؛ تورکیا لەسەر ئاستی جیهان دووەمە و میسر سێیەم

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی نوێترین داتاکانی بانکی دۆیچە-ی ئەڵمانی، هەریەک لە تورکیا و میسر لە لیستی ئەو وڵاتانەدان کە لە 5 ساڵی رابردوودا بەرزترین رێژەی بەرزبوونەوەی نرخی بەکاربەریان تۆمارکردووە. ئەمەش لە چوارچێوەی رووپێوییەکی ئابووریدا هاتووە کە 48 وڵاتی جیهانی گرتووەتەوە.
 
لە لیستەکەدا، ئەرجەنتین بە رێژەیەکی یەکجار گەورە کە 2614% بووە، لە پێشەوەی لیستەکەیە. دوای ئەو تورکیا دێت بە رێژەی 464% و پاشان میسر بە رێژەی 116% لە پلەی سێیەم دێت. هەنگاریا و رووسیاش بە رێژەی 52% و 44% لە پلەکانی چوارەم و پێنجەمدان.
 
ئەم بەرزبوونەوە بەرچاوەی نرخەکان لە ژمارەیەک وڵاتی جیهان، رەنگدانەوەی کاریگەریی قەیرانە جیهانییەکان و لێکەوتەکانی جەنگە، لەگەڵ هەڵاوسان، کە بووەتە هۆی ناجێگیریی دۆخی ئابووریی نێوخۆیی.
 
جیاوازی نێوان هەڵاوسان و تێچووی ژیان چییە؟
 
هەڵاوسان بریتییە لە زیادبوونی پلە بە پلەی نرخەکان، لە کاتێکدا تێچووی ژیان بریتییە لەو بڕە پارەیەی کەسێک پێویستییەتی لە ماوەیەکی دیاریکراودا خەرجی بکات. شارەزایان دەڵێن، کاتێک هەڵاوسان بەرز دەبێتەوە، تێچووی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانیش بەرز دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هێزی کڕین، کە ئەمە جێگەی نیگەرانییە، بەتایبەتی بۆ خاوەن داهاتی کەم و جێگیر.
 
کاریگەرییەکانی هەڵاوسان چین؟
 
هەڵاوسان کاریگەری لەسەر نرخی هەموو ئەو شتانە هەیە کە بۆ ژیانی رۆژانە پێویستن، لە خواردنەوە تاوەکو شوێنی نیشتەجێبوون و تێچووی پڕکردنی تانکیی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکەت بۆ ئەوەی بچیتە سەر کار، یان کڕینی جلوبەرگ.
 
کاریگەری هەڵاوسان لەسەر بازاڕی خانووبەرەش هەیە، بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی مادەکان و کرێی کرێکاران، هاوشان لەگەڵ بەرزبوونەوەی سوودی بانکی.
 
راپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی دەڵێت، گرانی و هەڵاوسان ئاڵنگارییەکی گەورەن بۆ زۆرێک لە خێزانەکان لە سەرانسەری جیهاندا، چونکە نرخە بەرزەکان دەتوانن بەهای راستەقینەی مووچە و پاشەکەوتەکان دابشکێنن و خێزانەکان هەژارتر بکەن.
 
راپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەڵاوسان نایەکسانی و هەژاری قووڵتر دەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات کە تەنانەت ئەو خێزانانەی لەم دواییانەدا لە هەژاری رزگاریان بووە، رەنگە بەهۆی ئەم گرانییەوە جارێکی دیکە بکەونەوە نێو هەژاری.
 
پێکهاتەی سەبەتەی بەکاربردن
 
راپۆرتەکەی بانکی نێودەوڵەتی دەڵێت، پێوەرەکانی هەڵاوسانی نرخی بەکاربەر بە بەکارهێنانی سەبەتەیەکی کاڵا هەژمار دەکرێت کە نوێنەرایەتیی بەکاربردنی کەسێکی ئاسایی دەکات، بەڵام پێکهاتەی راستەقینەی خەرجکردن بەپێی چینەکانی داهات جیاوازییەکی زۆری هەیە.
 
بۆ نموونە، خێزانە کەمداهاتەکان لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو و ئابوورییە گەشەسەندووەکاندا، نزیکەی 50%ی داهاتیان بۆ خۆراک خەرج دەکەن، لە کاتێکدا خێزانە دەوڵەمەندەکان تەنیا 20%ی داهاتیان بۆ خۆراک تەرخان دەکەن.
 
چارەسەر چییە؟
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی فۆربێس، هیچ کەسێک ناتوانێت بە وردی پێشبینیی رێژەی هەڵاوسان یان کاتی کۆتاییهاتنی بکات. شارەزایان پێیانوایە هەڵاوسان لە زۆربەی بازاڕەکاندا گەیشتووەتە لووتکە و وا بڕیارە بەرەو دابەزین بڕوات، بەڵام کاتێکی زۆری دەوێت بۆ نەهێشتنی ئەو گوشارانەی کە لە بنەڕەتدا بوونە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان.
 
بەڵام راپۆرتەکە پێیوایە، تاکە شت کە زۆربەی شارەزایان لەسەری کۆکن، ئەوەیە کە پلاندانانی پێشوەختە زۆر گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گوشارەکانی هەڵاوسان.
 
روانگەی داهاتوو
 
پێشبینییەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڵاوسانی جیهانی لە 8.8% لە ساڵی 2022ەوە دادەبەزێت بۆ 6.6% لە ساڵی 2023 و 4.3% لە ساڵی 2024، بەڵام ئەم دوو رێژەیە هێشتا لە ئاستی پێش پەتای کۆرۆنا (2017-2019) بەرزترن کە نزیکەی 3.5% بوو.
 
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو هۆشداری دەدات لەوەی کە "سووککردنی سیاسەتی نەختینەیی" (کەمکردنەوەی سوودی بانکی) پێشوەختە، دەکرێت ببێتە هۆی گەڕانەوەی هەڵاوسانێکی توند کاتێک چالاکییە ئابوورییەکان دەبووژێنەوە، بۆیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە سیاسەتوانان سەرنجیان لەسەر گەڕاندنەوەی هەڵاوسان بێت بۆ ئاستە ئامانجدارەکەی بەبێ خاوکردنەوەی رێکارەکان.