200 کۆمپانیای کوردستان و ئەڵمانیا بەشداری کۆنفرانسی هانۆڤەر دەکەن
رووداو - هانۆڤەر
کۆنفرانسی خاوەن کار و وەبەرهێنەرانی ئەڵمانیا - هەرێمی کوردستان لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، ئامانجی کۆنفرانسەکە دروستکردنی پەیوەندییە لە نێوان وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری هانۆڤەر لە ئەڵمانیا بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو کۆنفرانسی خاوەنکار و وەبەرهێنەرانی ئەڵمانیا - هەرێمی کوردستان عێراق دەستی بە کارەکانی کرد، ئامانجی کۆنفرانسەکە دروستکردنی پەیوەندییە لە نێوان وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆژەی هاوبەش.
د. عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆنفرانسەکە کاریگەریی لەسەر زیادکردنی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکراشی کرد، 100 کۆمپانیای هەرێمی کوردستان، 40 کۆمپانیای ناوچەکانی دیکەی عێراق و 100 کۆمپانیای ئەڵمانیا بەشدارن و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
تیلمان برونەر، بەرپرسی بەشی نێودەوڵەتی لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھانۆڤەر دەڵێت، زیاتر لە 100 کۆمپانیای هەرێمەکەیان خوازیارین بۆ کارکردن بێنە هەرێمی کوردستان.
لە کۆنفرانسەکەدا نزیکەی 300 کەس لە وەزیری ئەڵمانیا، کوردستان و عێراق و نوێنەری کۆمپانیاکان و بازرگانان بەشدارن و باس لە هاوئەهانگی هەردوو وڵات دەکەن بۆ گەشەپێدانی بوارەکانی بازتگانی و ئابووری.
هەریەک، د.عەلی سندی، وەزیری پلاندانان، دەرباز کۆسرەت رەسول، وەزیری ئاوادەنانکردنەوە و نیشتەجێکردن و نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری چەند پانێڵێل بوون.
لە پانێڵەکانیاندا گۆشەنیگای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خاوەنکار و بزنسمان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی ئەڵمانی رووندەکەنەوە، لەسەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت چی بکات بۆ کۆمپانیاکانی وەبەهێنان و خاوەنکار و بزنسمانەکانی ئەڵمانیا.
داڕشتنەوە: حەکیم داود