ئەورووپا گووگڵ بە 2.95 ملیار یۆرۆ سزا دەدات؛ ترەمپ هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەورووپا رۆژی هەینی سزایەکی گەورەی بۆ کۆمپانیای گووگڵی ئەمریکی دەرکرد و داوای لێکرد 2.95 ملیار یۆرۆ، کە دەکاتە 3.47 ملیار دۆلار، وەک پێبژاردن بدات، ئەوەش بە تۆمەتی متمانەشکێنی و دەستکاریکردنی سیستمی ریکلامەکانی ئینتەرنێت بۆ قازانجی دارایی خۆی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، بڕیاری ئەورووپا "نادادپەروەرانەیە" و هەڕەشە دەکات ئەگەر پاشگەز نەبنەوە، ئەوا بە زیادکردنی پێناسی گومرگی، تۆڵەی گووگڵیان لێ دەکاتەوە.
بڕیارەکە لە لایەن کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپاوە دەکرا کە باڵاترین دامەزراوەی جێبەجێکاریی هێزە 27 وڵاتییەکەیە.
کۆمسیۆنەکە گووگڵی تۆمەتبار کردووە بەوەی رێساکانی کێبڕکێی دادپەروەرانەی لە یەکێتیی ئەورووپا پێشێل کردووە.
گووگڵ چی کردووە؟
- گووگڵ لەسەر ئەپلیکەیشن و ماڵپەڕەکانی، وەک یووتیووب و گەڕانی گووگڵ، بە پارە ریکلام بۆ لایەنەکانی دیکە بڵاودەکاتەوە.
- لە هەمان کاتدا، وەک نێوەندگیرێک کار لەگەڵ ئەو ماڵپەڕ و ئەپلیکەیشنانەدا دەکات کە ئامادەن ریکلام بۆ خەڵک بڵاوبکەنەوە.
- یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، گووگڵ ئەم دوو رۆڵەی خۆی بۆ فێڵکردن و فریودان بەکارهێناوە:
- گووگڵ سیستمی ریکلامکردنی خۆی لە پێش سیستمە رکابەرەکانی دیکەوە داناوە.
- گووگڵ وایکردووە ئەو ماڵپەڕانەی شت بڵاودەکەنەوە و شوێنی ریکلامکردنیان هەیە، لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێ لەسەر ئەو ماڵپەڕانە ریکلام بۆ بەرهەمەکانیان بکەن، تەنیا سیستمی ریکلامکردنی گووگڵ بەکاربێنن بۆ ئەوەی پارەکەیان تەنیا بۆ گووگڵ بچێت و بە زەحمەت بتوانن لە سیستمەکانی دیکە ریکلام بکەن.
- بەم شێوەیە، گووگڵ پارەکەی بۆ خۆی قۆرخ کردووە و رکابەرایەتیی لە بازاڕدا نەهێشتووە.
تێرێسا ریبێرا، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا گوتی، "گووگڵ باڵادەستیی خۆی لە تەکنەلۆجیای ریکلامکردندا بە شێوەیەکی خراپ بەکارهێناوە بۆ ئەوەی زیان بە ریکلامکاران و بەکاربەران بگەیێنێت. ئەم جۆرە رەفتارە بە گوێرەی یاسای متمانەپارێزیی یەکێتیی ئەورووپا نایاساییە."
ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا رایگەیاند، "ئەورووپا لە کۆمپانیایەکی دیکەی مەزنی ئەمریکای دا کە گووگڵە، بە پێبژاردنێکی 3.5 ملیار دۆلاری، بەو شێوەیەش ئەو پارەیە دەبەن کە دەبوو بۆ وەبەرهێنانی ئەمریکی و کارەکانی بچێت. ئەمە زۆر نادادپەروەرانەیە و باجدەری ئەمریکی قبووڵی ناکات."
سەرەتای هەفتەی رابردوو، هەواڵ بڵاوبوویەوە گوایە کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکا، بڕیاری داوە پێبژاردنەکە بە شێوەیەکی کاتی بوەستێنێت.
یەکێتیی ئەورووپا هێشتا چاوەڕوانی ئەمریکایە بۆ ئەوەی بەڵێنی کەمکردنەوەی پێناسی گومرگی لەسەر ئەورووپییەکان بباتە سەر، کە بۆ ئەو مەبەستە، لە مانگی تەممووز، رێککەوتنێکیان واژۆ کردبوو.
برۆکسل داوای لە گووگڵ کردووە، خۆی لە "رەفتاری خۆسەپێنی" بپارێزێ و هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەسەر کێبڕکێی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکە دروستی کردوون.
ریبێرا گوتی: "گووگڵ 60 رۆژی لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی کۆمیسیۆن ئاگادار بکاتەوە کە چۆن ئەو کارە دەکات. ئەگەر پلانێکی باش پێشكێش نەکات، کۆمیسیۆن لە سەپاندنی قەرەبوویەکی گونجاو بەسەریدا دوودڵ نابێت."
خانمە بەپرسەکە ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەوەی گووگڵ لە سزای زیاتر پارێزراوبێ، پێویستە هەندێ بەشی تەکنەلۆجیای ریکلامکردنی خۆی بفرۆشێت.
گووگڵ رایگەیاند، بڕیاری کۆمسیۆن "هەڵەیە" و تانەی لێ دەدات.
لیی ئان مولهۆڵاند، بەرپرسی بەشی مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنە یاساییەکان لە گووگڵ گوتی، "کۆمیسیۆن پێبژاردنێکی ناڕەوای سەپاندووە و داوای هەندێ گۆڕان دەکات کە زیان بە هەزاران بازارگانیی ئەورووپا دەگەیێنێت و وایان لێ دەکات کە بە زەحمەت قازانج بکەن. ئێستا لە هەموو کات زیاتر، جێگرەوە بۆ خزمەتگوزارییەکانی ئێمە هەیە."
ریکلامکردن، کۆڵەکەی سەرچاوە داراییەکانی گووگڵە
کۆمپانیاکە بەشێکە لە گەورە کۆمپانیای ئەلفابێتی ئەمریکی، کە مانگی تەممووز رایگەیاند، لە چارەکی دووەمی ساڵدا 28.2 ملیار دۆلاری قازانج کردووە.
کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، کۆمپانیاکە هەر بەوەوە نەوەستاوە شوێنی ریکلامکردن لەسەر ئەپ و ماڵپەڕەکانی خۆی بە کۆمپانیا و بازرگانییەکانی دیکە بفرۆشێت، بەڵکو کاتێک ئەو لایەنانە بیانەوێ ریکلام لە شوێنەکانی دیکەش دابنێن، گووگڵ وەک نێوەندگیر پێشیان دەکەوێ و رێنوێنییان دەکات بۆ ئەوەی لەو شوێنانەی خۆی مەبەستیەتی، دایانبنێت.
بۆ ئەو مەبەستە، سەکۆیەکی هەیە بۆ ئەوەی کڕیاران و فرۆشیارانی شوێنی ریکلامکردن بەیەک بگەیێنێ کە پێی دەگوترێت AdX، هەروەها سێرڤەرێکی تایبەت بە ریکلامی هەیە کە ناوی DoubleClickـە، لەگەڵ چەندین ئامرازی دیکەی وەک گووگڵ Google Ads و DV 360.
لە راگەیێندراوێکدا، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا گوتی، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی لانیکەم لە نێوان ساڵی 2014 تاوەکو ئەمڕۆ، گووگڵ لە رێگەی DoubleClick ، ئەدز و DV 360 باڵادەستیی خۆی خراپ بەکارهێناوە بۆ ئەوەی خەڵک ئاراستە بکات تاوەکو سەکۆی AdX بەکاربێنن و روو لە سەکۆی رکابەرەکانی دیکەی نەکەن.