راوێژکارێکی سوودانی بۆ رووداو: یەدەگی زێڕی عێراق زیاتر لە 10 تۆن زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی دەڵێت، "یەدەگی زێڕی عێراق لە ماوەی کەمتر لە ساڵ و نیوێکدا زیاتر لە 10 تۆن زیادیکردووە."
موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، رۆژی شەممە 6ی ئەیلوولی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عێراق هاوردەکاری زێڕە و هاوردەکردنی بە نرخی فەرمیی دۆلار کە 1320 دینارە بۆ هەر دۆلارێک، دابین دەکرێ. کاتێک نرخی زێڕ لە جیهاندا بەرزدەبێتەوە، راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بازاڕی نێوخۆیی دادەنێت."
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "بەهۆی ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکی و نیگەرانییەکان لە وەبەرهێنان لە دراوە داراییە بیانییەکان، خەڵکێکی زۆر رووی لە وەبەرهێنان لە زێڕ کردووە لە رێگەی سندووقەکانی مامەڵەکردنەوە لە بۆرسەکانی جیهان."
هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، زێڕ "یەکێکە لە پەناگە ئارامەکان، مامەڵەپێوەکردنی ئاسانە و بەخێرایی دەکرێتە پارە (نەختینە)، هەروەها وەک جێگرەوەیەکی مسۆگەر سەیر دەکرێ بۆ خۆپاراستن لە مەترسیی وەبەرهێنان لە کاخەزە داراییەکان و دراوەکان."
بە گوتەی موزهر محەممەد ساڵح، ژمارەیەک لە بانکە ناوەندییەکانی جیهان وەک بانکەکانی چین، هیندستان، تورکیا و پۆڵەندا، بە شێوەیەکی بەرچاو یەدەگی زێڕی خۆیان زیادکردووە و بووەتە بەشێکی سەرەکی لە یەدەگی نێودەوڵەتییان. گوتیشی، "ئەمەش داواکاری لەسەر زێڕ زیاد کردووە و بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی".
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران گوتی، "پێشبینییەکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان دەکەن و چاوەڕوان دەکرێ زێڕ باشترین ئاستی هەفتانەی خۆی لە سێ مانگی رابردوودا تۆماربکات، ئەمەش بەهۆی چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی ناوەندیی ئەمریکا."
بە گوتەی موزهەر محەممەد ساڵح، "پەیوەندییەکی روون لەنێوان پێشبینیی کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕی جیهانیدا هەیە، بۆیە گۆڕانکارییەکانی نرخی زێڕ لە جیهاندا کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بازاڕی ناوخۆیی هەیە."
بازاڕی زێڕ لە عێراق گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کە هاوتەریبە لەگەڵ گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا.
سەبارەت بە یەدەگی زێڕی عێراق، ساڵح روونیکردەوە، "یەدەگی فەرمیی زێڕی وڵاتەکەمان لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی سەبەتەی دراوە بیانییەکان نزیکەی 163 تۆنە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "لە ماوەی کەمتر لە ساڵ و نیوێکدا یەدەگەکە بە زیاتر لە 10 تۆن زیادیکردووە."
رۆژی هەینی نرخی زێڕ ئاستێکی نوێی پێوانەیی تۆمارکرد و گەیشتە 3587 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا لە مانگی هەشتدا ئەگەری دابەزاندنی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە بەهێزکردووە.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ رۆژی هەینی بە 1.4% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 3599 دۆلار و 89 سەنت.
نرخی زێڕ دوای ئەوەی ئەو ئاستە مێژووییەی تۆمار کرد لە کاتی داخستنی بازاڕەکان لە 3587 دۆلار داخرا.
نرخی کانزای زەرد تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا بە 37% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
لە ساڵی 2024یشدا 27% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی بوو.
داتاکانی بازاڕی کاری ئەمریکا دەریانخست ژمارەی هەلی نوێی کارکردن لە مانگی هەشت لەو وڵاتە دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لە کاتێکدا رێژەی بێکاریش بەرزبووەتەوە بۆ 4.3% کە ئاماژەیەکە بۆ سستبوونەوەی بازاڕی کار.
بازرگانان ئێستا چانسی کەمکردنەوەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.25% بە 90% دەزانن و 10%یش چانسی ئەوەیان داناوە بە رێژەی 0.5% کەمبکرێتەوە.