سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران: زێڕ بە قاچاخ لە سلێمانییەوە دەبرێتە ئێران
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سلێمانی زێر بە "قاچاخ" دەبرێتە ئێران. دان بەوەشدا دەنێت، بەهۆی کێشەی گومرگەوە 95٪ی کۆمپانیا بازرگانییەکانی گواستنەوە، مەرزی باشماخیان بەجێهێشتووە.
شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکەشی دەکات، رایگەیاند: "ئێستا هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندی بازرگانیی زێڕی ناوچەکە و بازرگانانی زێڕ لە دوبەیەوە زێڕی قاڵب، هاوردەی فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر دەکەن."
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان گوتی: "بازرگانەکان دوو جۆر زێڕ دەهێننە هەرێمی کوردستان، جۆری یەکەمیان زێڕی قاڵبە کە لە دوبەی دێت، جۆری دووەمیشیان زێڕی خشڵە، کە لە تورکیا و ئێرانەوە دێنە هەرێمی کوردستان و هەردوو جۆرە زێڕەکەش لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکرێن."
"زێڕ بە قاچاخ بۆ ئێران"
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان باسی لە رێگەکانی هەناردەکردنی زێڕ لە هەرێمی کوردستانەوە کرد و گوتی: "بە فەرمی زێڕ هەناردەی تورکیا دەکرێت و بۆ هەر کیلۆگرامێک زێڕی قاڵب بڕی 900 دۆلار لە بازرگانان وەردەگیرێت، بەڵام بۆ ئێران بە قاچاخ دەبرێت و لەبەرئەوەی رێگەکە نافەرمییە، بڕەکەی نازانرێت."
ئەو گوتانەی سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، لەم رۆژانەدا بەهای زێڕ بەرز و نزمیی زۆری بەخۆیەوە بینی، هەر ئۆنسەیەک تاوەکو 2145 دۆلار بەرزبووەوە و دواتر بۆ 2026 دۆلار دابەزییەوە. بازرگانێکی زێڕ پێشبینی دەکات، ساڵی داهاتوو نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بگاتە 2300 دۆلار.
لوقمان عەزیز، بازرگانی زێڕ لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی رووداو، رایگەیاند، "خواست لەسەر مامەڵەکردن بە زێڕ بە کێشی زۆر و لە چەشنی قالبی چەند کیلۆیی زۆر زیادیکردووە، بەڵام لە وردەفرۆشی لە بازاڕی نەریتی ناوخۆیی، خواست بۆ کڕینی زێڕ کەمیکردووە".
ئەو بازرگانەی زێڕ گوتیشی: بازرگانی بە زێڕ بە شێوازی کۆفرۆشی بووەتە کارێکی بازرگانیی نوێ و ئێستا 90%ی مامەڵەکان بۆ مامەڵەی کۆفرۆشی زێڕ دەگەڕێتەوە و رۆژانە 500 تاوەکو 600 کیلۆگرام زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
نرخی زێڕ لەو کاتەی کە لە رۆژی دووشەممەوە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکرد و هەر ئۆنسەیەک گەیشتە سەرووی 2140 دۆلار، تاوەکو ئەمڕۆ نەیتوانیوە نزیک بێتەوە لەو ئاستە پێوانەییە.
لەکاتێکدا رۆژی سێشەممە نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ دابەزی بۆ نزیکەی 2019 دۆلار، ئەمڕۆ چوارشەممە تەنیا یەک دۆلار بەرزبووەتەوە و لە نزیک 2020 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هۆکاری بەردەوامیی دابەزینی نرخی زێڕ لەلایەن شرۆڤەکارانەوە دەگەڕێندرێتەوە بۆ بەهێزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دراوەکانی دیکە.
"95٪ی کۆمپانیاکان مەرزی باشماخیان بەجێهێشتووە"
لەبارەی دۆخی بازرگانی و هاوردە و هەناردەش لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستان بازاڕ سست بووە و بەهۆی نەبوونی مووچەوە 25٪ بازاڕی سلێمانی لاواز بووە، ئەم لاوازبوونەی بازاڕیش وایکردووە کە هاوردەکردن کەمبکرێتەوە."
بە گوتەی شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان، جگە لە سستبوونی بازاڕ، کایەی بازرگانیش بەهۆی رێکارە گومرگییەکانەوە رووی لە پوکانەوە کردووە و لەوبارەیەوە دەڵێت: "بازرگانانی کورد روویان لە دەروازە گومرگییەکانی عێراق کردووە، چونکە لە عێراق و بەتایبەتی لە بەسرە کارئاسانی زۆر بۆ هاوردەکاران دەکرێت و هەر کۆنتێنەرێک کاڵا زیاتر لە 3 هەزار دۆلار لە گومرگدا جیاوازی هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و لە عێراق هەرزانترە."
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: "بەهۆی کەمبوونەوەی جووڵەی بازرگانی و رووکردنە دەروازەکانی عێراق لەلایەن بازرگانانی کوردەوە، 95٪ی ئەو کۆمپانیایانەی کاری گواستنەوەی کاڵا دەکەن مەرزی باشماخیان بەجێهێشتووە و چوون لە بەسرە کاردەکەن."