جووتیارانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 225 ملیار دینار پارەی گەنمیان لای حکومەتی عێراق ماوە
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی دوو مانگە حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی ئەم ساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، کە تاوەکو ئەمڕۆ لە زیاتر لە 300 ملیار دیناری پارەی گەنم، کەمتر لە 73 ملیار دیناری ناردووە.
دوایین بەشەپارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق 15ـی 10ـی ئەم ساڵ خستییە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان کە 15 ملیار و 500 ملیار دینار بوو، گوژمەی یەکەمیش 57 ملیار دیناری ناردبوو.
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەنگۆی ناردنی پارە بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەبوو، بەڵام دوو هەفتە بەسەر دەنگۆکەشدا تێپەڕی تاوەکو ئەمڕۆ ئاگادارنەکراوینەتەوە کەی گوژمەی دیکەی پارەی گەنممان بۆ دەنێرن".
هەر ئەمڕۆ نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی کە سەرپەرشتیاری سایلۆکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ بڕە پارەیەکی نوێمان بۆ نەهاتووە، ئاگاداریش نەکراوینەتەوە کەی پارە دەنێرن".
تاوەکو ئەمڕۆ دوو گوژمە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە نێردراوە؛ گوژمەی یەکەم 57 ملیار دینار بوو کە بەم شێوەیە بوو: 25 ملیاری بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، 20 ملیار دینار بۆ هەولێر و 12 ملیار بۆ دهۆک. گوژمەی دووەمیش 6 ملیار بۆ سلێمانی کە هەڵەبجەشی لەگەڵدایە، 5 ملیار بۆ هەولێر و 4 ملیار و 500 ملیۆن بۆ دهۆک.
پارەی گەنمی ئەم ساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لای حکومەتی عێراق زیاتر لە 300 ملیار دینار و زیاتر لە 228 ملیار دیناری لاماوە بینێرێت.
وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان 10ـی حوزەیران دەستیپێکرد و تاوەکو 20ـی تەممووز بەردەوام بوو.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ تۆنێک وەرگرت، کە بەهاکەی زیاترە لە 300 ملیار دینارە.
پشکی گەنمی وەرگیراوی پارێزگاکانی سلێمانی بە هەڵەبجەشەوە 158 هەزار تۆن بوو، هەروەها پشکی گەنمی وەرگیراو لە پارێزگای هەولێر 122 هەزار و تۆن و دهۆکیش نزیکەی 118 هەزار تۆن بوو.
پاریش حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، بەڵام ئەم ساڵ بڕەکەی کەم کردەوە.