بانکی ناوەندیی عێراق دەستکاریی بەهای دۆلار دەکات؟ وەڵامی رووداو دەداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە ناجێگیریی بەهای دینار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامە. بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، بانکەکەیان هیچ ویستێکی بۆ گۆڕینی نرخی دینار نییە، هۆکارەکەش بۆ جێبەجێکردنی گومرگی پێشوەختە دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2026 حەیدەر غازی، بەرپرسی راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر دینار رووی نەداوە، بانکی ناوەندی هیچ نیازێکی گۆڕانکاری لە نرخی دیناردا نییە و نرخەکە لەسەر 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک جێگیرە."
بەرپرسی راگەیاندنی بانکی ناوەندی دەڵێت، "ئەوەی لە بازاڕەکاندا وەکو نرخی ئاڵوگۆڕ باس دەکرێت، تەنیا داواکاریی بازاڕی نافەرمییە بۆ دۆلار، لە دەرەوەی سیستمی ئەو بانکانەیە کە مۆڵەتی کارکردنیان لە گواستنەوە دەرەکییەکاندا هەیە."
حەیدەر غازی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی لە بازاڕ بۆ رێکاری گومرگی پێشوەختە گەڕاندەوە، بەهۆی ئەو داواکارییەی لە دەرەوەی سیستمی بانکی هەیە و گوتی، "رەنگە جێبەجێکردنی رێکارەکانی گومرگی پێشوەختە گوشارێکی زۆری خستبێتە سەر دۆلاری کاش، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی داواکاری لەسەر دۆلار لە بازاڕە نێوخۆییەکان."
رێکاری گومرگی پێشوەختە لە سەرەتای کانوونی یەکەمی 2025ـەوە کەوتە واری جێبەجێکردن. گومرگی پێشوەختە وادەکات بازرگانان لەبری رادەستکردنی گومرگ لە دەروازە سنوورییەکان بە کاش، پێشتر رادەست بکرێت و لەنێو سیستمى ئەسیکۆدا دەیسەلمێنێت پارەى گومرگى داوە، تاوەکو کۆدێکى پێبدرێت و لە رێگەیەوە بتوانێت کاڵاکەى لە دەروازە سنوورییەکان دەرباز بکات.
کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار پەیوەندیی بە دەنگۆکانەوە هەیە
زیا تائی، نوێنەری کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق بە رووداوی راگەیاند، "دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزینێکی وەهمییە و هۆکارەکەی بۆ هەواڵ و دەنگۆکانی ناوخۆ و دەرەوە دەگەڕێتەوە، نەک کەمیی دۆلار لە بازاڕدا."
زیا تائی ئاماژەی بەوە کرد، نرخی ئاڵوگۆڕ لە عێراق بەردەوام لەژێر کاریگەریی هەواڵە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و رووداوە هەرێمییەکاندایە؛ گوتیشی، "ئەم گۆڕانکارییە راستەقینە نییە و وەهمییە، چونکە هێشتا خستنەڕووی دۆلار و داواکاری لەسەری وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە."
نوێنەری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو رایگەیاند، "هۆکاری ئەم ناسەقامگیرییە لە بەهای دینار، کاریگەریی ئەو هەواڵانەیە کە لە ناوخۆ و دەرەوە بڵاودەبنەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەگەر رووداوەکان بەرەو ئاراستەیەکی نەرێنی بڕۆن، ئەوا نرخی دۆلار زیاتر بەرز دەبێتەوە.
تائی تیشکی خستە سەر ئەو دەنگۆیانەی باس لە ئەگەری گۆڕانکاری لە نرخی فەرمیی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دەکەن و گوتی، "بەشێکی دیکەی کاریگەرییەکان پەیوەندی بەو هەواڵانەوە هەیە کە باس لە ویستی حکومەت دەکەن بۆ گۆڕینی نرخی دۆلار، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕ دروست کردووە."
رۆژی 5ی ئەم مانگە نرخی دینار بەرامبەر دۆلار دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و نرخی 100 دۆلار گەیشتە 149 هەزار دینار، ئەمڕۆش 100 دۆلار بە 146.500 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.