یەدەگی زێڕی چین 4 ملیۆن ئۆنسە زیادبووە
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی چین بۆ 15یەمین مانگی لەسەریەک بەردەوامە لە کڕینی زێڕ و زیادکردنی یەدەگی وڵاتەکەی لەو کانزایە.
بەپێی نوێترین ئاماری بانکی ناوەندیی چین کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە، یەدەگی زێڕی ئەو وڵاتە تاوەکو کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ گەیشتووەتە 74.19 ملیۆن ئۆنسە [2307 تۆن] ، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە مانگی پێشوودا بڕەکەی 74.15 ملیۆن ئۆنسە [2306 تۆن] بوو.
بەرزبوونەوەی قەبارەی یەدەگەکە، بەهای زێڕی چینی لە 319.45 ملیار دۆلارەوە بۆ 369.58 ملیار دۆلار بەرزکردووەتەوە.
زێڕ کە لە مێژوودا وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ خۆپاراستن لە مەترسییە سیاسی و ئابوورییەکان و هەڵاوسان دەبینرێت، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا بەهۆی کڕینی زۆر لە لایەن وەبەرهێنەرانەوە، نرخەکەی ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد و گەیشتە نزیکەی 5,600 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
بەڵام ئەو بەرزبوونەوەیە زۆرە دوای بەربژێرکردنی کێڤن وارش وەک سەرۆکی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەوە، خاوبووەوە و هەفتەی رابردوو نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 4,403 دۆلار دابەزی. ئەمڕۆش بە 4964 دۆلارە.
کۆمەڵەی زێڕی چین کە دامەزراوەیەکی حکومییە، ئاماژەی بەوە کردووە کە بەکارهێنانی زێڕ لە ناوخۆی چین بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک کەمبووەتەوە؛ پاریش بە رێژەی 3.75% دابەزیوە بۆ 950 تۆن.
بانکی ناوەندیی چین پێشتر لە ئایاری 2024دا بۆ ماوەی شەش مانگ کڕینی زێڕی راگرت، بەڵام جارێکی دیکە دەستی بە زیادکردنی یەدەگەکەی کردەوە و تاوەکو ئێستا بۆ 15 مانگی لەسەریەک بەردەوامە.