ترەمپ پێناسی گومرگی بەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران دا دەسەپێنێ

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی سەرۆکایەتیی واژۆ کرد بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر ئەو وڵاتانەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن. بڕیارەکە لە ئەمڕۆ شەممە، 7ـی شوباتەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
بەگوێرەی فەرمانەکە، هەر وڵاتێک "بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، هەر کاڵا و خزمەتگوزارییەک لە ئێران بکڕێت یان هاوردەی بکات، ئەوا ئەمریکا پێناسی گومرگی دەسەپێنێت بەسەر ئەو بەرهەمانەی لەو وڵاتەوە رەوانەی ئەمریکا دەکرێن."
 
دۆناڵد ترەمپ لە نێوەراستی کانوونی دووەمدا هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگیی 25%ی بەسەر هەر وڵاتێکدا کرد کە بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات. ئێستا مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە کە رێژەی پێناسەکە دیاری بکات.
 
ئەم بڕیارە کاریگەریی لەسەر بازرگانیی ئەمریکا دەبێت لەگەڵ وڵاتانی وەک رووسیا، ئەڵمانیا، تورکیا و ئیمارات، هەروەها چین کە گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێرانە و لە ساڵی 2024دا بە بەهای 18 ملیار دۆلار کاڵای بۆ ئێران ناردووە.
 
ئەم هەنگاوەی ترەمپ لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە لووتکە، هەرچەندە رۆژی هەینی لە مەسقەتی پایتەختی عومان، گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەنێوان هەردوولا بەڕێوەچوو.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، دۆناڵد ترەمپ لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتییدا بە رۆژنامەنووسانی گوت: "قسەی زۆر باشمان لەبارەی ئێرانەوە کردووە و بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دووبارە کۆببینەوە."
 
چەند کاژێرێکیش دوای کۆتاییهاتنی یەکەم گەڕی دانوستاندنی هەردوولا لە عومان، ئەمریکا سزای نویێ بەسەر کەرتی نەوتی ئێراندا سەپاند. 
 
سزاکە 14 کەسایەتی، لایەن و کەشتی دەگرێتەوە کە گوایە یارمەتیدەرن بۆ گواستنەوەی نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران.