قەدەخەی هاوردەکردنی تەماتە لە ئێرانەوە نرخەکەی لە سلێمانی بەرزکردەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی عەلوەکانی سلێمانی و هەولێر دەڵێن، کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کاریگەرییان لەسەر دەروازەکان نەبووە و ئێستاش زۆرینەی سەوزەی هەرێمی کوردستان لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێ. بەرپرسێکی عەلوەی سلێمانی دەڵێ: "بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان خۆی هاوردەی تەماتەی قەدەخەکردووە نرخەکەی بەرزبووەتەوە".
 
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، رۆژی شەممە، 7ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دۆخی ئێران و ئەمریکا و ئاڵۆزییەکانی ئێران هیچ کاریگەرییان لەسەر دەروازەکان نەبووە و تاوەکو ئەمڕۆ هاوردەکردنی سەوزە و میوەی ئێرانی بەردەوامە".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتی: "جگە لە چەند بەرهەمێکی کەم، بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لە عەلوەدا نەماوە و ئەوەی هەیە هاوردەیە. هاوردەکانیش زۆرینە لە ئێرانەوە دەهێندرێن و نرخیش تاوەکو رادەیەک جێگیرە و بەرز نەبووەتەوە".
 
پەتاتە، قەڕنابیت، کەلەرم، شێلم و چەوەندەر ئەو بەرهەمە نێوخۆییانەی هەرێمی کوردستانن کە تاوەکو ئێستا لە بازاڕەکاندا هەن و هاوردە ناکرێن.
 
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاڵۆزییەکانی ئێران و دۆخەکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هاوردەکردنی سەوزە و میوەی ئەو وڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان نەبووە و زۆرینەی عەلوە بەرهەمی ئەوانە".
 
نرخی تەماتە لە سلێمانی بەرز بووەتەوە
 
بەهۆی پێگەیشتنی تەماتەی سنووری بەسرەوە، لە 6ـی ئەم مانگەوە هاوردەکردنی تەماتە قەدەخە کراوە. بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی: "نرخی تەماتە تاوەکو پێنجشەممە بە کۆ 400 بۆ 500 دینار بوو کیلۆی، ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 750 دینار، ئەوەش بەهۆی قەدەخەکردنی هاوردەوەیە لە ئێرانەوە".
 
بەڵام رەجەب حاجی عەزیز دەڵێت: "تەماتەی ئێرانیی زۆر هاوردەکراوە بۆ عەلوەی هەولێر، بۆیە تاوەکو ئەمڕۆ نرخ بەرز نەبووەتەوە".
 
بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، نرخی تەماتە وەک پێشترە لە عەلوەکەیان و بەگوێرەی جۆرەکەی لە 400 بۆ 750 دینارە.