وەزیری وزەی تورکیا: لە گابار رۆژانە 78 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە کێڵگەی نەوتی چیای گابار گەیشتووەتە 78 هەزار بەرمیل. تورکیا ئامانجیەتی ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەکە بگەیێنێتە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
رۆژی هەینی 7ی ئاداری 2025 ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ڤیدیۆی بیرە نەوتێکی چیای گاباری داناوە و نووسیویەتی، "لە تاریکیی دوێنێوە بۆ رووناکیی ئەمڕۆ، لە ماتەمی دوێنێوە بۆ هیوای ئەمڕۆ! ئەم ئاگرەی لە گابار دەسووتێت، هێمای تورکیایەکی بێ تیرۆر، داهاتوویەکی بەهێز و سەربەخۆیی وزەیە."
لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بە ئاستی بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەکە داوە و دەڵێت، "لە چیای گابار لە 95 بیرە نەوت 78 هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێندرێت."
بە گوتەی وەزیری وزەی تورکیا رۆژانە 3000 کەس لە کێڵگەکە کار دەکەن.
کێڵگەی نەوتی چیای گابار دەکەوێتە سنووری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، یەدەگی نەوتەکەی بە 150 ملیۆن بەرمیل دەخەمڵێندرێت.
تورکیا سەرەتای ئایاری 2023 دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتی لە ناوچەی گاباری سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان راگەیاند.
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین، کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ، ئامەد، سێرت، رووها و مێردینی باکووری کوردستانن.
ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی کەم لە پێداویستییەکانی ناوخۆی تورکیا دابین دەکات.