بانکی ناوەندیی ئێران: بانکەکان بەشێوەیەکی سنووردار دەست بە کار دەکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بانکی ناوەندیی ئێران رایدەگەیێنێت، لە رۆژی یەکشەممە، 8ـی ئادارەوە، بانکەکان لە تاران و سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی ئێران بەشێوەیەکی سنوردار دەست بە خزمەتگوزارییەکانیان دەکەنەوە.
 
بەپێی بڕیارێکی بانکی ناوەندی کە لەلایەن ئەنجوومەنی هائاهەنگیی بانکەکانەوە راگەیێنراوە، کارکردنی بانکەکان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
بەپێی بڕیاری بەڕێوەبەری گشتیی بانکەکان، 20٪ تا 50٪ـی لقەکانی بانکەکان لە هەر پارێزگایەک دەکرێنەوە؛ لەو نێوەندەشدا پارێزگا گەشتیارییەکان لەپێشینە دەبن.
 
ناوی ئەو لقانەی کراوەن، لە وێبسایتی فەرمیی بانکەکاندا بڵاودەکرێتەوە.
 
کاتەکانی دەوام لە کاژێر 07:30ـی بەیانی تاوەکو 13:30ـی نیوەڕۆ دەبێت و تەنیا بۆ راییکردنی کاروباری پێویست و بەپەلەی هاووڵاتییان دەبێت.
 
لەبارەی دەوامی فەرمانبەرانی ستافی ناوەندیی بانکەکانەوە لە تاران و پارێزگاکانی دیکە، بڕیارەکە لەسەر بنەمای رێنوێنی و راگەیێنراوی پارێزگارەکان دەبێت.
 
بانکی ناوەندی لە کۆتایی راگەیێنراوەکەیدا داوا لە هاووڵاتییان دەکات، بەهۆی ئەو دۆخەی هاتووەتە ئاراوە، هەتا بۆیان دەکرێت لەبری سەردانی راستەوخۆ بۆ لقەکان، سوود لە خزمەتگوزارییە ئۆنلاین و ئەلیکترۆنییەکانی بانکەکان وەربگرن.