هێرشێکی ئیسرائیل 85%ـی توانای هەناردەکردنی پێترۆکیمایی ئێران لەکاردەخات
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل هێرشێکی بەهێزی بۆ سەر گەورەترین ناوەندی ئەنجامداوە و بەتایبەتی کۆمەڵگەی پێترۆکیمیایی پارسی باشووری کردووەتە ئامانج.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە ئەو دامەزراوانەی پێکاوە کە نزیکەی 50%ی کۆی بەرهەمهێنانی پێترۆکیمیایی ئێران بەرهەمدەهێنن. بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ئیسرائیل، کاریگەریی هێرشەکە هێندە زۆرە کە بە کردەیی 85%ی توانای هەناردەکردنی پێترۆکیمیایی ئێرانی لەکارخستووە. ئەمەش وەک "لێدانێکی ئابووریی تووند" وەسف دەکرێت و زیانەکەی بە دەیان ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێن.
هێرشەکەی ئیسرائیل بەتایبەتی دامەزراوەکانی دوو کۆمپانیای "مۆبین" و "دەماوەند"ـی کردووەتە ئامانج کە کارەبا، ئاو و ئۆکسجینی پێویست بۆ کارکردنی کارگە پیشەسازییەکانی دەوروبەریان دابین دەکەن. هەرچەندە راگەیێندراوەکە کۆمپانیای پێترۆکیمیایی پارس لە زیانی راستەوخۆ رزگاری بووە، بەڵام پەککەوتنی ئەم دوو ناوەندە سەرەکییەی دابینکردنی خزمەتگوزاری، بووەتە هۆی وەستانی دەستبەجێی نزیکەی هەموو یەکە بەرهەمهێنەرەکانی دەوروبەری.
هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر گرنگترین دامەزراوەی پێترۆکیمیایی ئێران تەنیا 24 کاژێر پێش کۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێرانی دیاریکردبوو بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز.
بزوێنەری ئابووریی ئێران پەکدەخرێت
پێشبینی دەکرێت لێکەوتە داراییەکانی ئەم هێرشە کارەساتبار بن، چونکە کەرتی پێترۆکیمیایی سەرچاوەی سەرەکیی ئێرانە بۆ بەدەستهێنانی دراوی بیانی. لە بارودۆخی ئاساییدا، ئەم هەناردەکردنانە ساڵانە لە نێوان 15 بۆ 20 ملیار دۆلار داهات دێننە نێو وڵاتەکەوە. بەڵام بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل ئێستا مەزەندە دەکەن کە 85%ی توانای هەناردەکردنی ئێرانیان لەکارخستبێت. ئەم لەدەستدانی داهاتە، ئەو 35 بۆ 45 ملیار دۆلارە لە کۆی بەهای کەرتەکە دەکاتە ئامانج کە بودجەی حکومەتی ئێرانی لەسەر وەستاوە، ئەمەش بە کردەیی بڕینی گرنگترین شا دەماری حکومەتەکەیە بۆ تێپەڕاندنی سزاکانی سەر نەوت.
زیانەکان تەنیا لایەنی دارایی ناگرنەوە، بەڵکو راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژێرخانی نێوخۆیی ئێران هەیە. کێڵگەی پارسی باشوور، کە کارگەکانی عەسەلویە، خزمەتگوزاریی لێوە وەردەگرن، نزیکەی 80%ی ئەو گازە سروشتییە دابین دەکات کە بۆ بەگەڕخستنی تۆڕی نیشتمانیی کارەبای ئێران پێویستە.
بەهۆی پەککەوتنی دامەزراوەکانی پرۆسێسکردن لە عەسەلویە، وڵاتەکە رووبەڕووی کورتهێنانی دەستبەجێی وزە دەبێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەم پەککەوتنە ببێتە هۆی وەستانی بەکۆمەڵی پیشەسازییەکان و پچڕانی کارەبا لە شارە گەورەکانی ئێران دا، چونکە "سییەکانی" سیستمی وزەی وڵاتەکە چیدیکە توانای دابەشکردنی گازی پرۆسێسکراویان بۆ وێستگەکانی کارەبا نییە.
ئەم پەرەسەندنە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە جەنگی ناوچەکەدا، چونکە ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنە "نهێنییەکانەوە" بەرەو "سەربڕینی ئابووریی" سەرمایەکانی حکومەتی ئێران هەنگاوی ناوە. هێرشەکە تەنیا 24 کاژێر پێش وادەیەکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە تەنگەی هورمز ئەنجامدرا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سوپای ئیسرائیل چیدیکە ژێرخانەکانی وزە وەک ناوچەی پارێزراو نابینێت. ئەگەر ئەو هەواڵانەی باس لە لەدەستدانی 85%ی هەناردە دەکەن راست بن، ئەوا هەڵاوسانی بێوێنە و دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی دەبێتە هۆی داڕمانێکی ئابووریی نێوخۆیی کە زۆر تووندتر بێت لە هەموو ئەو گوشارە دیپلۆماسی و بازرگانییانەی لە چەند دەیەی رابردوودا بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندراون.