سووریای نوێ چاوی لە گەڕانەوە بۆ بەرهەمهێنانی رۆژانەی 380 هەزار بەرمیل نەوتە
کیڵگە نەوتییەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە 16 ساڵی رابردوودا چەند دەستێکیان کردووە. دوایین جار لە کۆتاییەکانی کانوونی دووەمی 2026 دا حکومەتی نوێی سووریا بە شەڕ و دواییش بە رێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات دا کۆی پیشەسازیی نەوت و گازی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان خستەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی و، ئێستا کۆنترۆڵی 95٪ کردووە. کۆی بەرهەمهێنانی رۆژانەی ئەم ساڵی سووریا 105 هەزار بەرمیل بووە، بەڵام بەهۆی هاتنی کۆمپانیاکانی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو و کۆمپانیا ئەمریکییەکان، حکومەتی نوێی کاتیی سووریا دەیەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە بەرزبکاتەوە بۆ 380 هەزار بەرمیل لە رۆژێک دا.
ژێرخانی پێشەسازیی نەوت و گازی سووریای نوێ بەهۆی شەڕ و ململانێیەکانەوە زیانی گەورەی بەرکەوتووە. بەشێوەیەک وەزارەتی نەوتی سووریا زیانەکان بە 91.5 ملیار دۆلار دەخەملێنێت تەنیا لە کەرتی نەوت دا و، نەتەوە یەکگرتووەکانیش زیانەکانی کەرتی نەوت و گازی سووریا بە 115 ملیار دۆلار خەمڵاندووە.
کێڵگە نەوتی و گازییەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەکەونە پارێزگاکانی دێرەزوور، حومس و حەسەکە (رۆژئاوای کوردستان). کۆی کێڵگەکان 11 یە، کە 5 دانەی کێڵگەی نەوتی و 3 دانەی کێڵگەی گازی و 3دانەشی هاوبەشن (نەوت و گاز). کۆی یەدەگی سەلمێنراوی کێڵگە نەوتییەکان 2.5 ملیار بەرمیلە و بڕی یەدەگی گازی سرووشتی لەنێوان 8.5 بۆ 9.5 تریلیۆن پێی سێجایە.
لە راستیدا، ژمارەکانی یەدەگی نەوت و گازی سووریا بە بەراورد بە دراوسێیەکانی زۆر نییە و، بە وڵاتێکی بچووکی نەوتی دادەنرێت، بەڵام هەڵکەوتەی جوگرافی، هەبوونی ژێرخانی گواستنەوە و هەردوو بەندەری تەڕتووس و بانیاس چانسێکی نوێیان بۆ سووریا دروستکردووە بۆ ئەوەی ببێتە سەنتەرێکی نوێی وزە لە ناوچەکەدا و کۆمپانیا بیانییەکان وەبەرهێنانی تێدا بکەن.
هەڵبەز و دابەزی بەرهەمهێنانی نەوت لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان
ساڵانی پێش شەڕی نێوخۆ ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی سووریا 400 بۆ 380 هەزار بەرمیل بوو، داهاتەکەی 3 بۆ 3.4 ملیار دۆلار بوو. بۆ نموونە ساڵی 2008 رۆژانە کۆی بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل بوو و داهاتەکەی 3.2 ملیار دۆلار بوو. لە دوای سەستپێبوونی راپەڕین و هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆی سووریادا لە ساڵی 2011 دا ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی کەم بووەوە بۆ 350 هەزار بەرمیل و داهاتەکەی کەمبووەوە بۆ 1.8 ملیار دۆلار.
ساڵ دوای ساڵ بڕی بەرهەمهێنانی ساڵانەی نەوت و داهاتەکەی زۆر کەم بووەوە. ساڵی 2019 گەیشتە کەمترین بڕی ساڵانە کە تەنیا 20 هەزار بەرمیل نەوتە و داهاتەکەی کەم بووەوە بۆ 45 ملیۆن دۆلار.
ساڵێک دوای کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و لە 2025 دا جارێکی دیکە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە سووریا بەرزبووەوە بۆ رۆژانە 115 هەزار بەرمیل و داهاتەکەی دەگاتە نزیکەی 450 ملیۆن دۆلار. لە مانگەکانی سەرەتای 2026 دا (کانوونی دووەم و شوبات ) ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە نزیکەی 105 بۆ 110 هەزار بەرمیل بووە.
ئێستا بەپێی پێشبینییەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە هەموو کێڵگە نەوتی و گازییەکانی سووریا دا، بەهۆی وەبەرهێنانی کۆمپانیا بیانییەکان، بەتایبەتیش ئەمریکایی و کەنداوییەکان چاوەڕواندەکرێت لە 2027 دا ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە بگاتە 180 هەزار بەرمیل و ، تاوەکو 2030 بگەڕێتەوە ئاستی پێش ساڵانی شەڕی نێوخۆ کە رۆژانە 380 هەزار بەرمیل بوو.
کێڵگەکانی سووریا و بەرهەمهێنانی رۆژانەی 380 هەزار بەرمیل نەوت لە 2030 دا
کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای دێرەزوور هەریەکە لە کێڵگەکانی( نەوتی عومەر و تەنەک، کێڵگەی گازی کۆنۆکۆ و تی-2 ) لەخۆدەگرێت. رۆژانی پێش شەڕی نێوخۆیی سووریا ، رۆژانە ئاستی بەرهەمهێنانی ئەم کێڵگانە 200 هەزار بەرمیل بوو. ساڵی 2025 ئاستی بەرهەمهێنانیان کەم بووەوە بۆ تەنیا 21 بۆ 22 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای حەسەکە (رۆژئاوای کوردستان) هەریەکە لە (کێڵگەی نەوتی و گازی رومێلان و سوەیدییە لەگەڵ کێڵگەی نەوتی کراتشووک) هەموویان پێکەوە لە ساڵانی پێش شەڕی نێوخۆ دا رۆژانە 110 هەزار بەرمیل نەوتیان بەرهەم دەهێنا، ساڵی 2025 کۆی بەرهەمهێنانیان کەم بووەوە بۆ 50 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
پارێزگای حومس دوو کێڵگەی گازی لێیە، کە ئەوانیش (کیڵگەی ئەبورباح و ئاراک)ن و دەکەونە سەنتەری سووریا. ئەم کێڵگە گازییانە پێش شەڕی نێوخۆ ئاستی بەرهەمهێنانیان سفر بوو، بەڵام چاوەڕواندەکرێت ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لەو دوو کێڵگەیەدا بگاتە سەروو 500 هەزار مەتر سێجای رۆژانە.
وەبەرهێنانی 12.5 ملیار دۆلار لە کەرتی نەوت و گازی سووریا دا
کەوتنی بەشار ئەسەد و هاتنی ئەحمەد شەرع جارێکی دیکە فۆکووسی گەورە کۆمپانیاکانی کەرتی نەوت و گازی بۆ سووریای نوێ راکێشا، چونکە ئەگەر سووریا سەقامگیرببێ ئەوا دەرفەتێکی گەورە بۆ کۆمپانیا نەوتی و گازییەکان دروست دەبێت.
کۆمپانیاکانی کەنداو ئەمریکاییەکان رێککەوتن و لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا بۆ وەبەرهێنانیان و بنیاتنانەوەی کەرتی وزەیان واژۆکردوون. کۆمپانیا ئەورووپاییەکانیش لە قۆناخی گفتوگۆی کۆتاییدان بۆ بەشداریکردن لەو رەوتەی رووی لە وەبەرهێنانی نەوت و گازی سووریای نوێ کردووە.
بۆ نموونە هەردوو گەورە کۆمپانیای شێڤرۆن و کۆنۆکۆفلیپسی ئەمریکی گەیشتوونەتە لێکتیگەیشتنامە واژۆکردن، کە ئەوەی شیڤرۆن بۆ بەرهەمهێنانی گاز لە دەریادایە و یەکەم جارە لە سووریا وەبەرهێنانی تێدا بکرێت. هەروەها، گەورە کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکانی دابینکردنی تەکنەلۆژیا و بەڕێوەبردنی کێڵگەی نەوتی وەکو هالبیرتۆن و باکەر هیوزی ئەمریکی ئەگەر هەیە بگەڕێنەوە بۆ کیڵگەکانی سووریا.
ئەو گرێبەستانەی تاوەکو ئێستا کراون لەلایەن سعودیەوە بوونە، کە هەردوو کۆمپانیای تاقەی سعودیە و گرووپی ADESن بۆ خزمەتگوزاری کیڵگەکان و بەرهەمهێنانی گاز بۆ کارەبا. دانەگازی ئیماراتیش لێکتیگەیشتنامەی واژۆکردووە، ئەویش بۆ بەرهەمهێنانی گاز.
لە وڵاتانی ئەورووپاوە، گەورە کۆمپانیاکانی وەکو تۆتاڵی فەرەنسی، ئینی ئیتاڵی و گەڵف ساندی بەریتانی لە قۆناخی گفتوگۆی کۆتاییدان بۆ بەشداریکردن لە رەوتی وەبەرهێنان لە ژێرخانی وزەی سووریا دا. بە پێچەوانەی ئەمریکی و خەلیجییەکانەوە، گەورە کۆمپانیای شێڵی هۆڵەندی و ستروترانزگازی رووسی رێککەوتنیان کردووە بۆ بەجێهێشتنی سووریا.
گەورەترین بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ وەبەرهینان لە پیشەسازی نەوت و گاز سووریای نوێ، لەلایەن کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکییەوە دەکرێت کە بڕەکەی 2 ملیار دۆلارە. کۆی ئەو پارەیەی بڕیارە وەکو وەبەرهێنان لە رێگەی ئەم کۆمپانیانەوە روو لە سووریای نوێ بکات دەگاتە سەرووی 12.5 ملیار دۆلار تاوەکو 2030. کە ئەمەش بەشدارییەکی بەرچاوە لە بووژاندنەوەی ئابووری سووریا دا.
ئەندازیاری پشت بووژاندنەوەی ژێرخانی نەوت و گازی سووریا
بڕی ئەو وەبەرهێنانە تازەیەی لە کەرتی نەوت و گازی سووریادا دەکرێت بۆ گەڕانەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 380 هەزار بەرمیل نەوت و بەرهەمهێنانی 600 ملیار پێی سێجا گازی سرووشتی لە 2030 دا بەندە بە مەرجی هەموارکردنی یاسای وەبەرهێنان و، سفر بوونەوەی سەرهەڵدانی مەترسییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، پێدانی گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەمێنان PSA ، پابەندبوونی سووریا بە دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی، وەک دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس یان لەندەن.
هەموو ئەمانەش بەدیبێن، بەڵام مەترسییەکانی وەکو پێکدادانی نێوخۆیی، سەرهەڵدانەوەی داعش و نەسازان لەگەڵ دراوسێیەکان دا، هەموو ئەو رێککەوتن و لێکتیگەیشتننامانە بۆ وەبەرهێنان دەکاتە مەرەکەبی سەر کاخەز و سووریا جارێکی دیکە دەگەڕێنێتەوە دواوە لەڕووی بەرهەمهێنانی نەوت و گازەوە.
لەکۆتاییدا، گەڕانەوەی گەورە کۆمپانیاکانی بواری وزە بۆ سووریای نوێ بەهۆی ئەمریکاوەیە، چونکە سزاکانی لەسەر هەڵگیراوە و دامەزراوەکانی ئەمریکا وەکو وەزارەتی گەنجینە و وزەی ئەمریکا پاڵپشت و هاوکاری دەکەن بۆ هەستانەوە لەڕووی ژێرخانی وزە وەکو لە پرێزەنتەیشنەکەی تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا لە ئەتلانیک کاونسڵ لە واشنتن پێشکێشیکرد.
هەروەها کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سووریا لە 28ی شوباتی 2026 دا لە بانکی یەدەگی فیدراڵیی نیویۆرک FBRNY هاوشێوەی عێراق لە 2004 دا ، دەرخەری کۆی وێنە گەورەکەیە بۆ بە سەنتەرکردنی سووریای نوێ بۆ گواستنەوەی وزە و بووژاندنەوەی ژێرخانی وزەکەی بە پشتیوانی ئەمریکا لە ساڵانی داهاتوودا.