نرخی زێڕ زیاتر لە 40 دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ لە کۆتا رۆژی مامەڵەکاندا بۆ نزیکەی 3300 دۆلار دابەزی. دوو هەواڵی پەیوەست بە ئەمریکاش هۆکاری دابەزینەکەن.
بەرەبەیانیی رۆژی شەممە، 7-6-2025، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 42 دۆلار دابەزی و بە 3309 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ گرێبەستەکانی ئایندەش 28 دۆلار دابەزی و بە 3346 دۆلارە.
داتاکانی بازاڕی کاری ئەمریکا هۆکاری سەرەکییە بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.
وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی رابروودا رەخساندنی هەلی کار لە کەرتی تایبەت لە 147 هەزارەوە بۆ 139 هەزار کەس دابەزیوە. رێژەی بێکاریش لە 4.2٪ ماوەتەوە.
ئەمە ئەگەری دواخستنی کەمکردنەوەی رێژەی سوودی کەمکردووەتەوە.
دوای ئەم ئامارە، پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا تاوەکو مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ، دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود نەکات. دواتریش یەکجاری دیکە و لە مانگی کانوونی یەکەم رێژەکە دووبارە کەمبکاتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر بازرگانان پێشبینییان دەکرد ئەم ساڵ لە ئەمریکا سێ جار رێژەی سوود کەمبکرێتەوە.
ئەگەری رێککەوتنی ئەمریکا و چین لەسەر ناکۆکییە بازرگانییەکانی نێوانیان، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی زێڕە؛ بەتایبەتی دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و، شی جینپینگ، سەرۆکی چین بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
ئێدوارد مێیەر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە دامەزراوەی مارێکس دەڵێت، "دانوستاندنەکان زۆر ئاڵۆزن و بە یەک پەیوەندیی تەلەفۆنی چارەسەر نابن، بەڵام ئەگەر گرژییەک لەو دانوستاندنانە رووبدات و رێککەوتن نەکرێت، ئەوە نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە."