عێراق لە چارەکى یەکەمى ئەم ساڵ؛ هەڵاوسان 21% کەمی کردووە و یەدەگى زێڕ 19% زیاد بووە
رووداو دیجیتاڵ
لە چارەکى یەکەمى ئەم ساڵدا هەڵاوسان لە عێراق 21% کەمی کردووە و بردنە دەرەوەى پارەش 0.6% کەم بووەتەوە، لە کاتێکدا بەهاى یەدەگى زێڕ لە 17.8 تریلیۆن دینارەوە زیاد بووە بۆ 21.2 تریلیۆن دینار.
ئەو ئامارە لە راپۆرتێکى بانکى ناوەندیى عێراقدا هاتووە بۆ چارەکی یەکەمى ئەم ساڵ، کە مانگەکانى کانوونى دووەم، شوبات و ئادار دەگرێتەوە و کۆپییەکى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە.
هەڵاوسان 21% کەمی کردووە
لە راپۆرتەکەى بانکى ناوەندیى عێراقدا ئاماژە بەوە دراوە، لە چارەکی یەکەمی 2025دا تێکڕای هەڵاوسان لە عێراق بە رێژەی 21% کەمی کردووە و گەیشتووەتە 2.2%.
ئەو دابەزینە بە بەراورد بووە بە چارەکی چوارەمی 2024، کە ئەو کاتە رێژەی هەڵاوسان 2.8% بووە.
لە راپۆرتەکەى بانکى ناوەندیدا هاتووە، "ئەو کەمبوونەوەیە ئاماژەیە بۆ دابەزینی ئاستی گشتیی نرخ و باشتربوونی توانای کڕینی تاک و دامەزراوەکان لە عێراق."
چوونە دەرەوەی پارە 0.6% کەمیکردووە
بڕی بردنەدەرەوەی دراوی عێراقی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵ بە رێژەی 0.6% کەمیکردووە و گەیشتووەتە 99.9 تریلیۆن دینار.
ئەو بەراوردە بە چارەکی کۆتایی ساڵی 2024 کراوە، کە ئەو کات بڕی ئەو دراوەی براوەتە دەرەوە 100.5 تریلیۆن دینار بووە.
ئەو بردنە دەرەوەى پارە لە عێراق پەیوەندیدارە بە هاوردەکردن بە دۆلارى داهاتى نەوتى عێراق، کە بانکەکە بە نرخى فەرمى دەیداتە هاوردەکاران.
بانکی ناوەندیی عێراق لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو کەمکردنەوەیە، رۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی هەڵاوسان و پارێزگاریکردن لە سەقامگیریی ئاستی گشتیی نرخ لە عێراق.
گەشەى قەواڵەى دارایی گەیشتووەتە 1.1%
کۆی قەبارەی نەختینەیی کە لەلایەن بانکەکانەوە دراوە بە کەرتی تایبەت، لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا 1.1% گەشەی کردووە و گەیشتووەتە 44.1 تریلیۆن دینار.
ئەم گەشەکردنە بە بەراوردە بە چارەکی کۆتایی ساڵی 2024 کە ئەو کات بەهای قەبارەی نەختینەیی، کە درابووە کەرتی تایبەت، 43.6 تریلیۆن دینار بوو.
بانکی ناوەندی رایگەیاندووە، ئەو گەشەیە ئاماژەیە بۆ پشتیوانیی کەرتی بانکی لە عێراق بۆ دابینکردنی نەختینەیی بۆ تاک و پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت.
بەهاى یهدهگی زێڕ گەیشتووەتە 21.2 تریلیۆن دینار
بەگوێرەی راپۆرتەکە، یهدهگی زێڕ لە بانکی ناوەندیی عێراق لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا 19% گەشەی کردووە و بەهاکەی گەیشتووەتە 21.2 تریلیۆن دینار.
ئەم گەشەکردنە بەراوردە بە چارەکی کۆتایی ساڵی 2024 کە ئەو کاتە بەهای یەدەگەکە 17.8 تریلیۆن دینار بووە.