ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هەشت ئەندامی سەرەکیی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس رایانگەیاند، رێککەوتوون لەسەر ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکەنەوە. شرۆڤەکاران ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی پشکی گەورەتر لە بازاڕی فرۆشتنی نەوتی خاودا دەبینن.
رۆژی یەکشەممە 07-09-2025 وەزیرانی نەوتی کۆمەڵەی V8، کە لە سعودیە، رووسیا، عێراق، ئیمارات، کوەیت، کازاخستان، جەزائیر و عومان پێکهاتوون، لە راگەیێنراوێکدا بڵاویانکردەوە، بڕیاریان داوە لە مانگی داهاتووەوە بەرهەمهێنان بە بڕی 137 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکەن.
ئەو وڵاتانە لە مانگەکانی رابردوودا بەرهەمهێنانیان بە بڕی 2.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد کردبوو.
لە راگەیێنراوەکەیاندا کە دوای کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین رۆژی یەکشەممە بڵاویانکردەوە، گوتیان، خولی نوێی بەرهەمهێنان دەتوانێت تاوەکو 1.65 ملیۆن بەرمیلی دیکە لە رۆژێکدا بخاتە بازاڕەوە.
جۆرج لیۆن، شڕۆڤەکار لە کۆمپانیای Rystad Energy، گوتی: "ئۆپێک پڵەس ئەمڕۆ بازاڕی تووشی شۆک کرد، لەبری وەستان، کۆمەڵەکە ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنان کرد. رەنگە بڕی بەرمیلەکان کەم بن، بەڵام پەیامەکە گەورەیە."
لیۆن گوتی: "ئۆپێک پڵەس گرنگی بە پشکی بازاڕ دەدات، تەنانەت ئەگەر مەترسیی دابەزینی نرخەکانیشی لەسەر بێت."
ئێستا نرخی نەوت لە دەوروبەری 65-70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەسوڕێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەم ساڵ 12٪ دابەزی، چونکە بەرهەمهێنەرە جیهانییەکان لە دەرەوەی ئۆپێک پڵەس ئاستی دابینکردنی نەوتیان زیاد کرد و پێناسە گومرگییەکان خواستیان کەم کردەوە.
ئۆپێک پڵەس، کە رێکخراوی 12 وڵاتی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و هاوپەیمانەکانی لەخۆدەگرێت، لە ساڵانی رابردوودا چەندین کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی بە بڕی نزیکەی شەش ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کردبوو.
شڕۆڤەکاران، تاوەکو هەفتەیەک لەمەوبەر، دەیانگوت کە V8 لەوانەیە ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستایان لە مانگی تشرینی یەکەمدا وەک خۆی بهێڵنەوە.
بە بەرزکردنەوەیان، تەنانەت بە بڕی 137 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، V8 لەبری ئەوە ئاماژەی بەوەدا کە ئۆپێک پڵەس ئامادەیە نرخی نەوت لە خوار 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەربگرێت.
هۆکارە جیۆسیاسییەکان
لیۆن گوتی، تاقیکردنەوەی راستەقینە بۆ ئۆپێک پڵەس سێ مانگی کۆتایی ئەم ساڵ دەبێت، کە ئەم ماوەیە خواستی وەرزی کەمتر دەبێت.
شارەزایانی نەوت چاودێریی وردی جەنگی مۆسکۆ لە ئۆکراینا و هەروەها گەشەپێدانەکان لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و رووسیا دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیری نێوان رووسیا و ئۆکراینا سەرکەوتوو نەبوون، بەم دواییانە نەوتی رووسیا و ئەو وڵاتانەی کە دەکڕن، کردووەتە ئامانج.
ترەمپ لە مانگی ئابدا، بەهۆی کڕینی نەوتی رووسیا، پێناسی گومرگریی زیاتری خستەسەر هیندستان.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هاوپەیمانانی ئۆکراینا کە رۆژی پێنجشەممە لە پاریس کۆبوونەوە، ترەمپ لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بە سەرکردەکانی راگەیاند، لە کڕینی نەوتی رووسیا لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە، بەتایبەتی لەلایەن هەنگاریا و سلۆڤاکیاوە، نیگەرانە.