نرخی زێڕ بەمزووانە 4000 دۆلار تێدەپەڕێنێت؟


رووداو دیجیتاڵ 

بانکی گۆڵدمەن ساکس پێشبینیی خۆی بۆ نرخی زێڕ لە مانگی 12ـی ساڵی داهاتوودا لە 4300 دۆلارەوە بەرزکردەوە بۆ 4900 دۆلار. بانکەکە دەڵێت، هاتنی پارە لە سندووقەکانی وەبەرهێنانی زێڕ و بەردەوامی کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکان، هۆکاری ئەوەیە پێشبینیی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ بکەن. نرخی زێڕ ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا بە رێژەی 51% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. 
 
هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بریتین لە زیادبوونی کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانی جیهانەوە، زیادبوونی خواست لەسەر کڕینی پشکی سندووقەکانی وەبەرهێنانی زێڕ و دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە دراوەکانی دیکە و لە کۆتاییدا، بەرزبوونەوەی خواست بۆ کڕینی زێڕ لەلایەن هاووڵاتییان و ئەو بازرگانانەی کە دەیانەوێت سەرمایەکانیان لە مەترسیی بازرگانی پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا و شەڕی بازرگانی و کێشە جیۆسیاسییەکان بپارێزن. گۆڵدمان ساكس پێشبینیکردووە، ئەم ساڵ بانکە ناوەندییەکان 80 تۆن زێڕ بکڕن و ساڵی داهاتوو ئەو بڕە بەرزبکەنەوە بۆ 70 تۆن. بەتایبەتی بانکە ناوەندییەکان لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکاندا بەردەوامن لە هەمەچەشنکردنی یەدەکی دراوی بیانی خۆیان و زیادکردنی یەدەکی زێڕیان.
 
ئاشکرایە پێشبینی نوێی بانکی گۆڵدمان ساکس، پێشبینییەکە بۆ داهاتووی زێڕ لە درێژخایەندا. رۆژی سێشەممە لە کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، زێڕ ئاستێکی نوێی مێژوویی دیکەی تۆمارکرد و 3975 دۆلاری تێپەڕاند. هەرچەندە لە دوای چەند کاژێرێک و لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەورووپا نرخی زێڕ قازانجەکانی لەدەستدا و داکەوت بۆ کەمتر لە 3750 دۆلار.
 
دوو هۆکاری گرنگ بۆ دابەزینی لەناکاوی نرخی زێڕ لە ئەمڕۆ و چەند رۆژی داهاتوو بەدی دەکرێن. یەکەم هۆکار نزیکبوونەوەی دیموکرات و کۆمارییەکانە و بۆ کردنەوەی حکومەتی ئەمریکا.
 
لە رۆژی چوارشەممەی رابردووە حکومەتی ئەمریکا داخراوە. داخرانەکە بەهای پێنوێنی دۆلاری ئەمریکی دابەزاند بۆ کەمتر لە 98 و ئەوەش نرخی زێڕی لە چەند رۆژی رابردوودا بەرزکردەوە. بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و حەکیم جێفریس، سەرۆکی کەمینە دیموکرات لە کۆنگریس، قسەکانیان نەرمی پێوە دیارە و گوتوویانە ئامادەن بۆ کردنەوەی حکومەت سازش بکەن. ئەگەری کرانەوەی حکومەتی ئەمریکا ئەمڕۆ یان لەم هەفتەیەدا دەتوانێت بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرزبکاتەوە و گوشار لەسەر نرخی زێڕ دروستبکات. لە لایەکی دیکەوە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا ئافرەتێک بووەتە سەرۆکی پارتی لیبراڵ دیموکراتی ژاپۆن کە دەسەڵاتی لەو وڵاتە بەدەستەوەیە. 
 
سامای تاکایچی کە وەک سەرۆکی پارتی لیبراڵ دیموکراتی ژاپۆن هەڵبژێردراوە و بەو پێیەش رەنگە تاوەکو نێوەڕاستی ئەم مانگە وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی ژاپۆن دەستبەکاربێت، کەسێکی تاوەکو بڵێی پارێزگارخوازی سەر بە قوتابخانەی ئابووریی (شێنزۆ ئابێ)، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ژاپۆنە. تاکایچی لایەنگری دابەزینی بەرچاوی سوودی بانکی و چاپکردنی پارە و بەرزکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەتە کە دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای یەنی ژاپۆنی.
 
سیاسەتەکانی تاکایجی دەتوانێت بەپێی ئەو کاریگەرییەی دروای یەن هەیەتی، بەهای پێنوێنی دۆلار بەرزبکاتەوە. یەنی ژاپۆنی یەکێکە لەو دراوە سەرەکییانەی کە بەهای دۆلار دەستنیشان دەکات. پێنوێنی دۆلار، بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە پاوند، یۆرۆ، یەنی ژاپۆنی، دۆلاری کەنەدی، فرانکی سویسری و کرۆنی سوێدی دەپێورێت. ماوەی سێ رۆژە بەهای دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە یەنی ژاپۆنی بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و رۆژی سێشەممە یەک دۆلار 150 یەنیشی دەربازکرد. لەبەر ئەوەیە لە کورتخایەندا، سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەیەک زێڕ و نزیکبوونەوەی لە 4000 دۆلار، رەنگە نرخی کانزای زەرد بەمزووانە نەتوانێت بگاتە ئەو ئاستە و دەربازی بکات. کرانەوەی حکومەتی ئەمریکاش دەتوانیت نرخی زێڕ دوور بکاتەوە لەو ئاستە.
 
ئەگەر نرخی زێڕ نەتوانێت ئاستی 3955 دۆلار بە ئاسانی بەدەست بهێنێتەوە، بە ئەگەری زۆرەوە دادەبەزێت بۆ ئاستی 3939 دۆلار و پاشان بۆ ئاستی 3923 دۆلار. ئەگەر لە هەر هەلومەرجێکدا نرخی زێڕ ئاستی 3955ـی دەرباز کردەوە و توانی بەرگری لە ئاستی 3985 دۆلار بکات، بە ئەگەری زۆرەوە سەرەتا دەگاتە 3988 دۆلار و پاشانیش 4000 دۆلار تێدەپەڕێنێت، دواتریش دەگاتە 4014 دۆلار. ئەمانەش پەیوەستن بەوەی کە ناکۆکیی دیموکرات و کۆمارییەکان لەسەر کرانەوەی حکومەت زۆر قووڵ ببێتەوە و ئاماژەی روون دەربکەوێت کە بەمزووانە حکومەتی ئەمریکا ناکرێتەوە. تووندبوونەوەی شەڕی ئۆکراینا و شکستی ئاگربەستەکەی غەززەش دەتوانن ببنە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی زێڕ ئاستی 4000 دۆلار بەرەو سەرەوە بشکێنێت.