سوودانی بۆ رووداو: ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و ئەنجوومەنی وەزیران بەرپرسیارێتی لەئەستۆ دەگرێت.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرنامەی (بێستوون تۆک)ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە لە بەغداوە پێشکێش کرا، لە وەڵامی پرسیاری بێستوون عوسمان، پێشکێشکاری بەرنامەکە لەبارەی پرسی مووچە رایگەیاند، "پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان پرسێکی تەکنیکی و یاساییە، نەوەک سیاسی."
لەبارەی پرسی نەوتەوە سوودانی رایگەیاند، "زیاتر لە ساڵێک بەردەوام بووین تاوەکو لەسەر تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دواتریش کۆمپانیاکان رێککەوتین. ئێستاش بەشی هەرە گرنگی پرسەکە چارەسەر کراوە، کە هەناردەکردنەوەی نەوتە."
سەبارەت بە ناکۆکییەکان لەبارەی رادەستکردنی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ''بەگوێرەی یاسا، تەواوی پارێزگاکانی عێراق داهاتەکانیان رادەستی بەغدا دەکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لێکدانەوەیەکی دیکە بۆ ئەم پرسە هەیە. بۆ ئەوەش رێککەوتین لەگەڵیان کە کێ ئەم پرسە یەکلایی بکاتەوە، بۆیە لیژنەیەکمان پێکهێنا بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە لە ئەنجوومەنی دەوڵەت.''