زیاتر لە 11 ملیۆن مووچەخۆر لە عێراق هەن و ساڵانە 72 تریلیۆن دیناریان دەوێ
رووداو دیجیتاڵ
لە عێراق زیاتر لە 11 ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر هەن، کۆی گشتیی ساڵانە پێویستیان بە 72 تریلیۆن دینارە.
فازڵ نەبی، بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 07-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە عێراق خەڵکێکی زۆر کراونەتە فەرمانبەر و مووچەخۆر کە ژمارەیان زیاترە لە 11 ملیۆن کەس. لەو ژمارەیە زیاتر لە 5 ملیۆنیان فەرمانبەر و 3 ملیۆنیان خانەنشینی مەدەنی و سەربازین.
حەسەن خەوام، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 07-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە وەزارەتەکەیان 2 ملیۆن و 124 هەزار خێزان مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق مانگانە بۆ دابینکردنی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی، پێویستی بە 420 بۆ 440 ملیار دینارە.
لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی 2023 و 2024 و 2025ی عێراقدا ژمارەی فەرمانبەران بە 4 ملیۆن و 74 هەزار و 697 فەرمانبەر دیاریکرابوو.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 7-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەنیا لە بودجەی سێ ساڵەدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەری نوێی بە هەمیشەیی دامەزراندووە و بەمەش ژمارەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی گەیشتووەتە زیاتر لە 5 ملیۆن فەرمانبەر.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئابووری پشتڕاستی کردەوە کە زیاتر لە 11 ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر لە عێراق هەن و گوتیشی، جگە لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و مووچەخۆرانی خانەنشینی و چاودێریی کۆمەڵایەتی، زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆری دیکە هەن کە بریتین لە گرێبەست، زیندانیی سیاسی، کەسوکاری شەهیدان، رەفحا و چەند توێژێکی دیکە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی رۆژی شەممە 06-12-2025ی وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ مووچەی مانگانە (فەرمانبەران، خانەنشینان، تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتیی) پێویستیان بە 6 تریلیۆن دینارە. بەم شێوەیە عێراق ساڵانە پێویستی بە 72 تریلیۆن دینار دەبێت بۆ مووچە.