بەهای دینار و دۆلار؛ نرخی داخستنی بازاڕ 100 دۆلار بە 156 هەزار و 500 دینار


رووداو دیجیتاڵ 

بەیانیی ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی 157 هەزار دیناری تێپەڕاند؛ ئەندامێکی ئەنجوومەنی گۆڕينەوەی دراوی هەولێر دەڵێت، لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە 156 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەکرا. 
 
رۆژی یەکشەممە 8-1-2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕينەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەیانیی ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتووەتە 157 هەزار دینار، بەڵام لە کاتی داخستنی بازاڕدا بە 156 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.  
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی گۆڕينەوەی دراوی هەولێر لەبارەی بەهای تمەنی ئێرانی گوتی، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بە چوار ملیۆن و 140 هەزار تمەنی ئێرانییە. 
 
بۆ یەکەمجار لە 11-12-2022 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند. حاجی سابیر باواجی دەڵێت، بەهۆی گوشاری ئەمریکا لەسەر عێراق بارودۆخی بازاڕ بەمشێوەیە و "ناجێگیرە." پێشبینی دەکەن ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە 150 ملیۆن دۆلار بە کاش بخاتە بازاڕەوە ئەوە بارودۆخەکە تاڕادەیەک جێگیر دەبێت.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق بڕی 112 ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە، 83.8ی بە کاش و 28 ملیۆن دۆلاریش بە حەواڵە بووە.