شاندێکی بازرگانیی سعودیە لە هەرێمی کوردستانە

 
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی بازرگانیی سعودیە لە هەولێرە و لە دیدارێکی ئابوورییدا لەگەڵ کۆمپانیا نێوخۆییەکان، دەرفەتەکانی وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان بۆ دەخرێتەڕوو. بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێ، ئامانجی هاتنی شاندەکە ئاشنابوونە بە بازاڕی کوردستان.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 08-02-2026، بە ئامادەبوونی شاندێکی بارزگانیی سعودیە، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، کۆڕبەندی ئابووریی سعودیە و هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو.
 
سەفین دزەیی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، شاندەکە لە ئاستێکی باڵادایە و لە نوێنەرانی کۆمپانیا گەورەکانی سعودیە پێکهاتووە کە ''ئامانجیان ئاشنابوون بە بازاڕی کوردستان و ناسینی کۆمپانیاکانمانە، بۆ ئەوەی بتوانن کاری هاوبەش بکەن.''
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد، بۆ بووژانەوەی زیاتری ئابووریی هەرێمی کوردستان، بە تەواوی پاڵپشتی لە کەرتی تایبەت دەکەن و رایگەیاند، ''هەروەها ئاسانکاریی زیاتر دەکەین بۆ وەبەرهێنانی راستەوخۆی کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان.''
 
شاندەکە لە 17 وەبەرهێنەر و نوێنەری کۆمپانیا سعودیەکان پێکهاتووە کە لە بوارەکانی وەک نەوت و گاز، ئایتی و تەکنۆلۆژیای زیرەکدا کاردەکەن.