بازرگانێک: 70 هەزار کۆنتێنەر لە بەندەری ئوم قەسر گیریان خواردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بازرگانێک هۆشداری دەدات بەهۆی بەرزبوونەوەی باج و گومرگەوە مەترسیی گرانبوونی کاڵا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە رێژەی 30% تاوەکو 50% دروستبووە. خاوەن کۆمپانیایەکی بازرگانیش دەڵێت، بیر لە رێگەی جێگرەوەی وەک بەندەری مێرسین و بەندەر عەباس دەکەنەوە.
 
مەجرووم بالیسانی، بازرگان و شارەزای بواری گواستنەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "ئێستا لە بەندەری ئوم قەسر دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستی 'قوفڵبوون'ی بازرگانی؛ بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، لە نێوان 70 بۆ 100 هەزار کۆنتێنەر لە گۆڕەپانەکانی بەندەرەکەدا کەڵەکە بوون و گیریان خواردووە."
 
ئەو بازرگانە هۆشداری دەدات لەوەی ئەم دواکەوتنە تێچوویەکی زۆر دەخاتە سەر شانی بازرگانان و دواتر هاووڵاتییان، چونکە رۆژانە سزای پێبژاردنی دارایی (غەرامە) لەسەر مانەوەی کۆنتێنەرەکان هەژمار دەکرێت.
 
سەبارەت بە هۆکاری کێشەکان، مەجرووم بالیسانی ئاماژە بە سیستمی "ئەسیکۆدا" دەکات و دەڵێت: "ئەسیکۆدا سیستمێکی جیهانیی پێشکەوتووە، بەڵام جێبەجێکردنی لە عێراق بەبێ زەمینەسازیی پێشوەختە و نەبوونی کادیری شارەزا، تەنیا بارگرانیی بۆ بازرگان و بەکاربەر دروستکردووە."
 
حکومەتی عێراق لە ساڵی 2023ـەوە دەستی بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا کردووە و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە گومرگی لەسەر 97 کاڵا بە رێژەی 5٪ بۆ 30٪ زیادکردووە. ئەمڕۆش لە بەغدا بەشێک لە بازرگانان دژی ئەو بڕیارانە گردبوونەوە.
 
مەجرووم بالیسانی هۆشداری دەدات لە گرانبوونی نرخی کاڵاکان و دەڵێت: "کاتێک گومرگ و رسومات بە رێژەی 30% زیاد دەبێت، قاتێکی جلوبەرگ کە پێشتر بە 100 دۆلار بووبێت، دەبێتە 200 دۆلار. تەنانەت کوپێکی سادەی سەر مێزیش گران دەبێت."
 
ئەو بازرگانە باسی لە زیانێکی دیکەش کرد کە پەیوەستە بە نرخی دۆلارەوە و گوتی: "پێشتر 100 دۆلار بەرامبەر بە 720 یوانی چینی بوو، ئێستا بووەتە 660 یوان. واتە لە هەردوو سەرەوە بازرگان زەرەر دەکات و تێچووی هاوردەکردن زۆر گرانتر دەبێت."
 
بازرگانان بیر لە رێگەی جێگرەوە دەکەنەوە
 
بەهۆی ئەو ئاستەنگانەی لە بەندەرەکانی باشووری عێراق دروستبوون، بازرگانان ناچارن بیر لە رێگەی جێگرەوە بکەنەوە. بالیسانی دەڵێت: "ئێمە ئێستا بیر لە پلانی جێگرەوە دەکەینەوە، کە بریتییە لە هێنانەوەی کاڵاکان لە رێگەی بەندەری مێرسین لە تورکیا یان بەندەر عەباس لە ئێران، بەڵام رێگەی ئێران هەمیشە مەترسیی گرژیی سیاسیی نێوان تاران و واشنتنی لەسەرە."
 
"سزای مانەوەی کۆنتێنەر دەگاتە ملیۆنان دینار"
 
ئومێد فارووق عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیایەکی بازرگانی، لە هەمان بووڵتەنی ئابووریی رووداو باسی لەوە کرد، ماوەی یاسایی مانەوەی کۆنتێنەر لە بەندەرەکانی عێراق 60 رۆژە؛ ئەگەر لەو ماوەیەدا کاڵاکان رێکارە گومرگییەکانیان بۆ نەکرێت، سزای پێبژاردنی دارایی دەستپێدەکات.
 
سەبارەت بە گۆڕانکاری لە تێچووی گواستنەوە، ئومێد فارووق گوتی: "لە رابردوودا بەشێک لە کاڵاکان لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەنێردرانە شارەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق، بەڵام ئێستا بەهۆی جیاوازیی پێناسەی گومرگی، بازرگانان پەنا دەبەنە بەر بەندەری بەسرە، هەرچەندە گواستنەوە لەوێوە نزیکەی 2000 دۆلار گرانتر دەکەوێت."