هاوردەکردنی زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە کەمی کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

هاوردەکردنی زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە کەمی کردووە. بەرپرسێکی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری سلێمانی کەمبوونەوەی خواست لەسەر زێڕ بە هۆکارێکی کەمبوونەوەکە دەزانێت. 
 
سەرهەنگ کەمال محەممەد، بەرپرسی هۆبەی پشکنین و مۆڵەتی خشڵ لە بەڕێوبەرایەتیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری سلێمانی، رۆژی شەممە 08-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هاوردەکردنی زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە".
 
بە گوێرەی ئەو ئامارە فەرمییەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ساڵی رابردوو زۆرترین بڕی زێڕی هاوردەکراو لە رێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانی لە مانگی یەکدا بووە کە 3582 کیلۆ بووە و کەمترینی مانگی 11 بووە کە 339 کیلۆ زێڕ بووە؛ مانگی 12 ساڵی رابردووش 347 کیلۆ بووە.
 
سەرهەنگ کەمال محەممەد هۆکاری کەمبوونەوەی هاوردەکردنی زێڕی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەهۆی گرانییەکەیەوە خواست لە زێڕ کەمبووەتەوە و گوتی، ئەوانەی ئێستا هاوژینی پێکدەهێنن بەهۆی گرانی نرخەوە زێڕی کەمتر دەکڕن. 
 
سەرهەنگ کەمال محەممەد گوتی، هۆکارێکی دیکەش قەدەخەی هاوردەکردنی زێڕە لە تورکیاوە. 
 
بە گوتەی بەرپرسی هۆبەی پشکنین و مۆڵەتی خشڵ لە بەڕێوەبەرایەتیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری سلێمانی، ئێستا دووبەی تاکە سەرچاوەی هاوردەکردنی زێڕی سلێمانییە و بەهۆی قەدەخەی سەر فڕۆکەخانی سلێمانییەوە لە تورکیا زێڕ هاوردە ناکرێت.  
 
ساڵی رابردوو لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە 12 هەزار و 926 کلیۆ زێڕ هاوردەکراوە و پشکنینی بۆ کراوە.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رۆژی 02-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بازرگانانی عێراق رۆژانە 50 کیلۆ زێڕ، مانگانە 1.5 تۆن زێڕ هاوردە دەکەن.