گوتەبێژی بەنزینخانەکانی ئێران: کێشەی سووتەمەنیمان نییە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەنزینخانەکانی ئێران رایگەیاند، سەرەڕای هێرشکردنە سەر کۆگاکانی نەوتی تاران و ئەلبورز، هیچ کێشەیەکی کەمبوونی سووتەمەنی لە ئارادا نییە و داوا لە هاووڵاتییان دەکات دانبەخۆیاندا بگرن و گوێ بە دەنگۆکان نەدەن.
رەزا نەواز، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە (8ـی ئازاری 2026) رایگەیاند: "هیچ کێشەیەک لە دابەشکردنی سووتەمەنیدا نییە. کۆگاکانی نەوتی تاران و ئەلبورز کراونەتە ئامانج و لەمکاتەدا تیمەکان سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن."
نەواز دڵنیایی دایە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کە پێشوەختە پلانی پێویست بۆ هەموو ئەگەرەکان دانراوە و گوتی: "خەڵک دڵنیا دەکەینەوە کە رووبەڕووی بێ بەنزینی نابینەوە."
گوتەبێژی بەنزینخانەکان داوای لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی سەردانی بەنزینخانەکاندا، کارتی سووتەمەنیی تایبەتی خۆیان بەکاربهێنن و تەنیا ئەوانەی پێویستیی راستەقینەیان بە سووتەمەنی هەیە سەردانی وێستگەکان بکەن.
هەروەها رەزا نەواز جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە خەڵک تەنیا متمانە بە سەرچاوە فەرمییەکان بکەن و دوور بکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ، هاوکات داوای کرد بۆ کاری ناپێویست لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.
شەوی رابردوو کۆمپانیای نیشتمانیی پاڵاوتن و دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران رایگەیاند، کۆگاکانی نەوتیان لە تاران و ئەلبورز کراونەتە ئامانج.
کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی شەممە، لە ئەنجامی ئەوەی بە "هێرشی دوژمنی زایۆنی-ئەمریکی" ناوی بردووە بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکە، ژمارەیەک لە کۆگاکانی نەوت لە پارێزگاکانی تاران و ئەلبورز کرانە ئامانجی هێرشی مووشەکی.
لەبارەی ئەگەری دروستبوونی قەیرانی سووتەمەنی، کۆمپانیای نیشتمانیی پاڵاوتن و دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان دەڵێت: "پێشتر رێوشوێنی پێویست بۆ کەمترین ئاستی کۆگاکردنی بەرهەمەکان گیرابووەبەر."
هەروەها دڵنیایی دەداتە دانیشتووانی ئەو دوو پارێزگایە و رایدەگەیێنێت: "ئێستا دابینکردنی سووتەمەنی بۆ پارێزگاکانی تاران و ئەلبورز بەشێوەیەکی ئاسایی و بەردەوام لە سەرچاوەکانی دیکەوە لە جێبەجێکردندایە و پچڕانی تێدا نییە."
لە دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتدا، لە دوێنێوە ئیسرائیل دەستیکردووە بە بەئامانجکردنی ژێرخانی ئابووریی ئێران، چەند وێستگەی سووتەمەنی و فڕۆکەخانەی میهرئابادی بۆردوومان کردووە.