بانکی ناوەندیی عێراق: یەدەگی دراو بەشی 12 مانگ دەکات و مووچەش پارێزراوە


رووداو دیجیتاڵ 

بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە یەدەگی دراوی بیانیی وڵات لە ئاستێکی "دڵنیاکەرەوە"دایە و بەشی 12 مانگ دەکات. ئاماژە بەوەش دەکات، پلانیان هەیە بۆ دابینکردنی مووچە و خەرجییە سەرەکییەکان.
 
راگەیێندراوەکە دوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکەکە دێت کە رۆژی یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026 کرا بۆ "بەدواداچوونی پێشهاتە ئابووری و داراییەکان و هەڵسەنگاندنی پێشبینییەکانی داهاتوو لەژێر رۆشنایی پێشهاتە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان".
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، بانکی ناوەندی هەڵسەنگاندنێکی گشتگیری بۆ دۆخی بازاڕەکان کرد؛ باس لەوە دەکات کە "ئامادەیی تەواو و ئامرازی کاریگەری هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتە جیاوازەکان."
 
بانکی ناوەندی چوار خاڵی سەرەکیی خستووەتەڕوو:
 
یەکەم: باشی یەدەگی دراوی بیانی
 
بانکەکە دەڵێت، "خاوەنی ئاستێکی بەهێزی بەربەستی دارایی و یەدەگی دراوی بیانیی دڵنیاکەرەوەیە لە ئاستێکی سەلامەت،" ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڵبەز و دابەزێکی ئابووری.
 
دووەم: دابینکردنی مووچە و خەرجییە سەرەکییەکان
 
ئەنجوومەنی کارگێڕیی بانکەکە گفتوگۆی لەسەر چەندین جێگرەوە کردووە بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی مووچە و خەرجییە سەرەکییەکان لە مانگەکانی داهاتوودا، بەجۆرێک "سەقامگیریی ئابووری و بژێویی هاووڵاتییان" بپارێزرێت.
 
سێیەم: بەهێزکردنی سیولەی سیستمی بانکی
 
بانکی ناوەندی بەردەوام دەبێت لە "پشتگیریکردنی سیوولەی بانکەکان" بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیریی کارە بانکییە رۆژانەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە داراییەکان بۆ هاووڵاتییان و کەرتی تایبەت.
 
چوارەم: دڵنیابوون لە رەوانی گواستنەوە دەرەکییەکان
 
بانکەکە جەخت لەوە دەکاتەوە گواستنەوە داراییە دەرەکییەکان بۆ داپۆشینی تێچووی هاوردەکردن و پارەدانە نێودەوڵەتییەکانی دیکە بەردەوام دەبن، ئەمەش بۆ دڵنیابوون لە "سەقامگیریی جووڵەی بازرگانیی دەرەکی و دابینکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە بازاڕی ناوخۆدا."