دۆناڵد ترەمپ: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاتییە


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەرگری لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەکات و دەڵێت، ئەمە "باجێکی بچووکە" جیهان لەپێناو نەهێشتنی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران و دابینکردنی ئاسایشدا دەیدات.
 
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیەڵ وەڵامی نیگەرانییەکانی تێپەڕبوونی نرخی نەوتی لە بەربەستی 100 دۆلار دایەوە و رایگەیاند، ئەم گرانبوونە کاتییە.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "نرخی نەوت لە ماوەیەکی کورتدا و کاتێک لەنێوبردنی هەڕەشە ئەتۆمییەکەی ئێران کۆتایی دێت، بەخێرایی دادەبەزێت."
 
ترەمپ جەختی لەوە کردووەتەوە، بەرزبوونەوەی نرخەکان ئێستا پێویستییەکی ستراتیژییە و دەڵێت: "ئەمە باجێکی زۆر بچووکە لەپێناو ئاسایش و ئاشتیی ئەمریکا و جیهاندا بیدەین."
 
سەرۆکی ئەمریکا کە وڵاتەکەی لە شەڕێکی سەربازیی راستەوخۆدایە دژی ئێران، بە شێوازە تووندەکەی خۆی وەڵامی ئەو کەسانەی دایەوە رەخنە لە سیاسەتەکان و کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر بازاڕی وزە دەگرن و گوتی: "تەنیا گەمژەکان بە جۆرێکی دیکە بیر دەکەنەوە."
 
ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، نرخی نەوتی برێنت گەیشتووەتە سەروو 100 دۆلار و پەککەوتنی هەناردەی نەوتی کەنداو لە رێگەی گەرووی هورمزەوە، مەترسیی قەیرانێکی گەورەی وزەی لەسەر ئاستی جیهان دروستکردووە.