خاوەن کەشتییەکان لە هورمز چاوەڕوانی وردەکاریی ئاگربەستن

 
رووداو دیجیتاڵ

خاوەن کەشتییە گیرخواردووەکان لە هورمز بەپەلە هەوڵی تێگەیشتن لە وردەکارییەکانی ئاگربەست دەدەن، کە رەنگە بۆ ماوەیەکی کاتی تەنگەی هورمز بکاتەوە.
 
بەلای خاوەن کەشتییەکانەوە وردەکارییەکان هێشتا روون نین. ئێران دەڵێت، رەزامەندیی لەسەر تێپەڕبوونی سەلامەت بە هورمز بۆ ماوەی دوو هەفتە دەدات، بەڵام بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی و لە چوارچێوەی "سنووردارکردنی تەکنیکی"دا، لە کاتێکدا ترەمپ "کردنەوەیەکی تەواو، دەستبەجێ و سەلامەت"ی راگەیاندووە. 
 
روون نییە ئاخۆ هەردوولا لەسەر ئەو باجەی تاران سەپاندوویەتی گەیشتوونەتە رێککەوتن یان نا.
 
کۆمەڵەی خاوەن کەشتییەکانی ژاپۆن کە گرووپێکی گەورەی پیشەسازییە، رایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن پێش ئەوەی زانیارییەکان بگوازنەوە.
 
بەڵام زۆربەیان هۆشدارییان داوە کە پێویستە روونکردنەوەی زیاتر هەبێت پێش ئەوەی کەشتییەکان بجووڵێن، تەنانەت لە باشترین سیناریۆکانیشدا، دەستپێکردنەوەی هاتووچۆ کاتی دەوێت. 
 
جێنیفەر پارکەر، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە پەیمانگەی بەرگری و ئاسایش لە "زانکۆی رۆژئاوای ئوسترالیا" گوتی، "ناتوانیت لە ماوەی 24 کاژێردا هاتووچۆی کەشتییەکان دەستپێبکرێنەوە." هەروەها گوتیشی: "پێویستە خاوەن کەشتییەکان، کۆمپانیاکانی بیمە و کەشتیوانەکان دڵنیا بن لەوەی کە مەترسییەکان بەڕاستی کەمبوونەتەوە و تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی رانەگیراون."
 
بەکۆی گشتی زیاتر لە 800 کەشتی لە تەنگەی هورمز گیریان خواردووە و چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن، کە کاژێر 3:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چووە بواری جێبەجێکردنەوە.