هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی نانەوتی رێککەوتن و لەسەر ئەسیکۆداش نزیکن لە رێککەوتن

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، هەولێر و بەغدا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی 50%ـی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بنێردرێت. هاوکات شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی یەکخستنی سیستمی گومرگی (ئەسیکۆدا) گەیشتوونەتە رێککەوتنی بەرایی.
 
دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیمواکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، بە رووداوی راگەیاند، "بڕی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەسەر کراوە، تاوەکو نیوەی داهات بنێردرێت بۆ بەغدا. بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە داهاتی هەرێمی کوردستان و بەغدا کەمی کردووە، ئەوانیش رەچاوی ئەو دۆخەیان کردووە."
 
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، رێکارەکان تەواو بوون و هەوڵدەدەین ئەم رێککەوتنە تاوەکو کاتی دەنگدان لەسەر بودجەی ساڵی 2026 کێشە لەسەر مووچەی هەرێمی کوردستان دروست نەبێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئێستا حکومەتی بەغدا و شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدان بۆ راگەیاندنی بڕیاری کۆتایی لەبارەی رێککەوتنی هەردوولا لەسەر سیستمی "ئەسیکۆدا" بۆ یەکخستنی گومرگ.
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، راوێژکارانی وەزارەتی دارایی و سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) پێکهاتوون.
 
سەرچاوەیەک لەنێو کۆبوونەوەکە بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئەم ساتە هەردوولا 90%ـی رێککەوتنەکەیان تەواو کردووە، بەڵام شاندی هەرێمی کوردستان هێشتا رەزامەندیی کۆتایی لەسەر هەموو وردەکارییەکان نەداوە."
 
پێشتر و لە رۆژی دووشەممە، 6ـی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ کاروباری ئابووری بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە.
 
فوئاد حوسێن لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند کە عێراق بەهۆی بارودۆخی شەڕ لە ناوچەکەدا، رووبەڕووی ئاستەنگی ئەمنی، ئابووری و بازرگانی بووەتەوە و جەختی لە گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان کردەوە.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا شاندێکی تەکنیکی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ کۆببنەوە بۆ یەکخستنی رێکارەکان بە رەچاوکردنی تایبەتمەندییە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو راپۆرتی کۆتایی رادەستی ئەنجوومەنەکە بکرێت.