راوێژکاری سوودانی بۆ کاروباری دارایی: دۆلار بەرەو نرخی فەرمی دادەبەزێت

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی دەڵێت، چەند هۆکارێکی سەرەکی بوونەتە هۆی کەمیی خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕەکاندا و وایانکردووە نرخی دۆلار بەرەو نرخی فەرمی دابەزێت، کە گۆڕانکارییەکان لە چەند مانگی رابردوودا، بە رێژەی نزیکەی 15٪ بە قازانجی دینار شکاوەتەوە.
 
د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دینار، سەرکەوتنی سیاسەتی بانکی ناوەندیی عێراق بوو، لە پارەدارکردنی بازرگانیی دەرەکی کەرتی تایبەت بۆ بازرگانە گەورەکان."
 
بە گوتەی ئەو راوێژکارەی سوودانی، دەستپێکردنی مامەڵەی راستەوخۆ و دابینکردنی پارە بۆ پرۆسە بانکییەکانی دەرەوە بە یۆرۆ، درھەمی ئیماراتی و یوانی چینی لە رێگەی نوێنەرانی بانکەکانی عێراق یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان، کە ئەوە ھانی خێرایی پارەدان و حەواڵەکردن دەدات لە بازرگانیدا لەگەڵ بازاڕەکانی ئیمارات، تورکیا و چین کە گەورەترین ناوەندەکانی بازاڕکردنی بازرگانین بۆ عێراق."
 
د. مەزهەر هەروەها دەڵێت، "دابینکردنی پارە بۆ بازرگانییە بچووکەکان بەبێ نێوەندگیریی هۆکارێکی دیکەیە، دوای لابردنی زۆربەی بەربەستەکان کە پێشتر دانرابوون و مامەڵەکردن لە رێگەی نوێنەرە بانکییەکان و لە رێگەی بانکە عێراقییەکانەوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ، چونکە بازرگانییە بچووکەکان نزیکەی سێیەکی بازرگانیی کەرتی تایبەت پێکدەھێنن."
 
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، ئاماژە بە گرنگترین هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەکات و دەڵێت: "گرنگترین هۆکار ئەوەیە، گەشتیاران بە خێرایی راھاتن لەسەر وەرگرتنی شایستەکانیان بە دراوی بیانی لە رێگەی کارتەکانی پارەدانەوە بە بڕی زۆر و بە تێچووی کەم و بە نرخی 1320 دینار بۆ ھەر دۆلارێک، هەروەها وەرگرتنی دۆلاری کاش لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی عێراقەوە، بە بڕی 3000 دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ ھەر گەشتیارێک."
 
د. مەزهەر محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرباری هەموو هۆکارەکان، مامەڵەکردن بە دۆلار لە بازاڕی رەشدا رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە کە ئەوەش رێکارێکی گرنگە، ھەروەھا مەترسییەکانی گۆڕانی بەھای دۆلار بەرامبەر بە زێڕ، کە وایکردووە هاووڵاتییان سامانە یەدەگەکانیان بە شێوەی زێڕ هەڵبگرن."
 
رۆژی چوارشەممە، 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکاندا بە 142 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا. کە ئەوەش نزمترین ئاستە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا.
 
هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار:
 
- پارەدارکردنی بازرگانیی دەرەکی بۆ بازرگانە گەورەکان
- دابینکردنی پارە بۆ بازرگانییە بچووکەکان بەبێ نێوەندگیری
- دابینکردنی پارە بۆ پرۆسە بانکییەکانی دەرەوە بە دراوی بیانی
- پێدانی دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی فەرمی
- لێپرسینەوە لەوانەی مامەڵەی نایاسایی بە دۆلار دەکەن
- هەڵگرتنی زێڕ لە جیاتی دۆلار