عێراق مووچەی بۆ 2300 ژنی کوردی ئێزدی بڕیوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کاروباری رزگاربووانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری عێراق رایدەگەیێنێت، تائێستا زیاتر لە 2300 ژن و کچی کوردی ئێزدی مووچەی مانگەیان بۆ بڕاوەتەوە.
سەراب ئیلیاس، بەڕێوەبەری کاروباری رزگاربووانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 8ـی ئایاری 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو ژن و کچە کوردە ئێزدیانە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 8ی ژنانی رزگاربووی ئێزدی مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە.
رۆژی 01-03-2021، پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە 8ی ژنانی رزگاربووی ئێزدی پەسندكرد. بە گوێرەی یاساکە دەبێت سەرجەم رزگاربووانی دەستی داعش قەرەبوو بکرێنەوە.
سەراب ئیلیاس، گوتی، ئەو ژنە رزگاربووانەی دەستی داعش مووچەی مانگانەیان 800 هەزار دینارە.
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە 3ـی ئابی 2014، داعش کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسیشی رفاند. تائێستا سێ زیاتر لە هەزار و 580 کوردی ئێزدی رزگارکراون.
هەر ژن و کچێکی کوردی ئێزدی لە هەر وڵاتێک بێت، دەتوانێت داواکاری پێشکێش بکات، لەو چوارچێوەیەدا 150 کەس کە داواکارییان پێشکێشکردووە، تائێستا چاوپێکەوتن لەگەڵ 120یان کراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی کانوونی یەکەمی 2024 بۆ یەکەمجار بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس لە نەینەواوە، چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنان و کچانی ئێزدی کرا، کە لە دەرەوەی وڵاتن.
پرۆسەکە بە سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی نەینەوا/ دادگەی لێکۆڵینەوەی ئەلقوش و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق/ فەرمانگەی مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەدەچێت، تاوەکو ئاسانکاری بکرێت بۆ ئەو ژنە کوردە ئێزدییانەی کە لە دەرەوەی وڵات دەژین.
پێنجشەممەی هەموو هەفتەیەک دیاریکراوە و دادوەرێک لە ئەلقوش بە ڤیدیۆ کۆنفرانس چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنانی ئێزدی دەکات، کە لە دەستی چەکدارانی داعش رزگاریان بووە و ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژین.
چاوپێکەوتنەکان لە ئەڵمانیا و فەرەنسایە، بە گوتەی بەڕێوەبەری کاروباری رزگاربووانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری عێراق، ئەمانە لە باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکانی عێراق چاوپێکەوتنیان بۆ رێکدەخرێت. بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری ئێزدییەکان لە ئەڵمانیا دەژین چاوپێکەوتنیان لە باڵیۆزخانەی عێراق لە بەرلین، کۆنسووڵخانەی عێراق لە فرانکفۆرت بۆ رێکدەخرێت و لە فەرەنساش لە پاریس چاوپێکەوتنیان بۆ رێکدەخرێت.
بەڕێوەبەری کاروباری رزگاربووانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری عێراق راشیگەیاند، دادوەرەکە هەموو پێنجشەممەیەک دەتوانێت چاوپێککەوتن لەگەڵ سێ بۆ پێنج کەس بکات.