بانکى رافیدەین: زیاتر لە 38 هەزار "جەژنانەى ئەلیکترۆنیمان" دابەش کردووە

رووداو دیجیتاڵ

بانکى رافیدەین رایگەیاند، زیاتر لە 38 هەزار پاداشتیان بەناوى "جەژنانە" بەسەر ئەو کەسانەدا دابەشکردووە کە کارتى ئەلیکترۆنى بانکەکەیان هەیە و زۆرترین مامەڵەیان پێوە کردووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 8ى حوزەیرانى 2025، بانکى رافیدەین لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوە داوە کە لە سێ رۆژى جەژنى قوربان، 38 هەزار و 914  پاداشتى هاندانیان داوەتە ئەو کەسانەى کارتى ئەلیکترۆنى بانکەکەیان هەیە.
 
دابەشکردنى ئەو پارەیە بەشێکە لە کەمپەینێک کە بانکەکە دەستیپێکردووە و دەیداتە ئەو کەسانەى کارتى بانکەکەیان هەیە، کەمپەینەکە ناونراوە "جەژنانەکەت لەسەر ئێمەیە".
 
بانکى رافیدەین رایگەیاندووە کە ئەو پاداشتە دەدرێتە ئەو کەسانەى زۆرترین کاریان بە کارتى ئەلیکترۆنى بانکی کردووە، لە بوارى پاشەکەوتکردن بازاڕکردن، پارەدانى رۆژانە، وەک هاندانێک بۆ گۆڕینى مامەڵەکان لە نەختینەییەوە بۆ ئەلیکترۆنى. 
 
بانکى رافیدەین سەر بە وەزارەتى دارایی عێراقە، ساڵى 1941 دامەزراوە، ئێستا کار بە کارتى ئەلیکترۆنى پارەدان دەکات و هانى ئەو کەسانەش دەدات کە هەژماریان لەو بانکە هەیە، مامەڵە دارییەکانیان لە برى نەختینەیی بە ئەلیکترۆنى بکەن.
 
بانکەکە ئاماژەى بەوەداوە کە پرۆسەى دابەشکردنى ئەو پاداشتەکە بەردەوام دەبێت و ئامانج لێى ئەوەیە بگەنە دابەشکردنى 50 هەزار  پاداشت.