تورکیا لە شەش مانگدا بایی 217 ملیۆن دۆلار ماسیی سەلموونی هەناردە کردووە
رووداو دیجیتاڵ
فرۆشی شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵی ماسیی سەلموونی تورکیا بۆ دەرەوە، 217 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەنجوومەنی هەناردەکارانی رۆژهەڵاتی دەریای رەش-ی تورکیا، ئاماری هەناردەی شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵی ماسیی سەلموونی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکە، لە نیوەی یەکەمی ساڵدا، تورکیا نزیکەی 32 هەزار تۆن سەلموونی هەناردە کردووە کە بایی 217 ملیۆن و 109 هەزار و 466 دۆلار بووە و رووسیا، بیلاڕووس و ژاپۆن کڕیاری لەپێشینە بوون.
هەر بەپێی ئامارەکان، لەم شەش مانگەدا، تورکیا بایی 150 ملیۆن و 996 هەزار و 208 دۆلار سەلموونی بە رووسیا فرۆشتووە، بایی 20 ملیۆن و 495 هەزار و 829 دۆلار بە بیلاڕووس و 15 ملیۆن و 772 هەزار و 838 دۆلاریشی بە ژاپۆن فرۆشتووە.
ئیسماعیل کۆبیا، سەرۆکی یەکێتیی بەرهەمە ئاوییەکان رایگەیاند، خواست لەسەر سەلموونی تورکیا لە جیهاندا لە زیادبووندایە. گوتیشی: "لەم ماوەیەدا زیاتر لە 32 هەزار تۆن هەناردەمان هەبووە. ئەم سەرکەوتنە تەنیا لە رووی ژمارە نییە، بەڵکو نیشانەی ئەوەشە کە ماندووبوون و کوالیتی ئێمە لە ئاستی جیهانیدا بەهادارە."
ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵدەدەن سەلموونی تورکی بگەیێننە بازاڕە نوێیەکان و لە داهاتوودا کارەکانیان بۆ کردنەوەی بازاڕی نوێ خێراتر دەکەن.
باسی لەوەش کرد، سەلموونی تورکیا ئێستا تەنیا بەرهەمێکی هەناردەکردن نییە، "بەڵکو بووەتە هێمای هێزی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی تورکیا، پێشکەوتنی تەکنەلۆژی لە بواری بەرهەمە ئاوییەکان و تێگەیشتن لە بەرهەمهێنانی بەردەوام. ئامانجمان ئەوەیە لە داهاتوودا سنووری هەناردەی ساڵانە لە 500 ملیۆن دۆلار تێپەڕێنین."