بەغدا بڕیار لەسەر یەک ملیار دۆلار بۆ کڕینی گازی تورکمەنستان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێی کڕینی گاز لە تورکمەنستان بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار دۆلار دەکات کە بە سیستمی Gas Swap دەبێت، بەشێوەیەک گاز دەداتە ئێران و ئەو وڵاتەش گازى خۆى هەناردەی عێراق دەکات. گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت: " هاوردەی گازی ئێران 25 ملیۆن مەتر سێجار کەمیکردووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە نزیکەی چوار هەزار مێگاوات."
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ی تەممووزی 2025، ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێککەوتن لەگەڵ تورکمەنستان کراوە بۆ هاوردەکردنی گاز بە سیستمی مامەڵەکردنی (Gas Swap)، بەشێوەیەک تورکمەنستان گاز دەداتە ناوچەکانی باکووری ئێران کە هاوسنووریەتی، لە بەرامبەردا ئێران لە کێڵگەکانییەوە گاز دەداتە عێراق، ئەو رێککەوتنە دراوەتە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی رەزامەندیی لەسەر بدرێت بۆ دابینکردنی بودجەکەى.
کارکردن بەو شێوازە بۆ هەناردەکردنی گاز لەبری گواستنەوەی لە رێگەی بۆری ئێران، بۆ خۆپاراستنە لە سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران.
بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆى ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دابینکردنی پارە بۆ کڕینی گاز یەکێکە لە ئەجێنداکانیان بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدرێت لەوانە تەرخانکردنى یەک ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی گازی هاوردەکراو لە تورکمەنستانەوە بۆ ئەم ساڵ.
ئەحمەد مووسا رایگەیاند: "گرێبەستەکە وایە کە 20 ملیۆن مەتر سێجا لە تورکمەنستانەوە هاوردە بکەن".
زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق، لە 25ی ئایاری 2025 سەردانی تورکمەنستانی کرد بۆ واژۆکردنی ئەو رێککەوتنە و پڕکردنەوەی پێداویستیی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە گاز.
یەکێکی دیکە لەو پرسانەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێ دەکرێت، تەرخانکردنی سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەگوێرەی گرێبەستەکەیان لەگەڵ ئێران، دەبێت 55 ملیۆن مەتر سێجا گاز هاوردە بکرێت، بەڵام ئێستا کەم کراوەتەوە بۆ 25 ملیۆن مەتر سێجا و بەوهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا بە نزیکەی چوار هەزار مێگاوات کەمی کردووە.
ئێستا عێراق لە نێوان 24 هەزار بۆ 25 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە وەرزی هاویندا ئاستی پێویستیی بۆ کارەبا دەگاتە زیاتر لە 40 هەزار مێگاوات.