بەغدا رەشنووسی کارى کۆمپانیا راوێژکارییەکە بۆ کۆمپانیاکانی نەوت دەنێرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی نەوتی عێراق، رەشنووسی کاری کۆمپانیا راوێژکارییەکە بۆ دیاریکردنی تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت، ئاراستەی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکات، ئەوانیش دوو تێبینیان لەسەر رەشنووسەکە هەیە.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە تۆڕی میدیایی رووداو دەستی کەوتووە، ئەو رەشنووسە نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 8ی تەممووزی 2025، لەلایەن وەزارەتى نەوتى فیدراڵەوە ئاڕاستەی کۆمپانیاکان کراوە و داوایان لێکراوە هەر ئەمڕۆ وەڵامیان بدرێتەوە.
 
کۆمپانیاکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزارەتى نەوت لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە کۆمپانیایەکى بەریتانیی بە ناوى (وود مەکەنزى - Wood Mackenzie)  نرخى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت دیاری بکات بەشێوەیەک کە بۆ هەر کێڵگەیەک بەجیا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو تێچووە دەکرێت. 
 
کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان تێبینییان لەسەر دوو خاڵی رەشنووسەکە هەیە و داوا دەکەن گۆڕانکارییان تێدا بکرێت.
 
بەرپرسى یەکێک لە کۆمپانیاکانى نەوت بە رووداوى گوت: "یەکێک لە خاڵەکان پەیوەندیدارە بە کاری کۆمپانیاکە لەوەی چاو بە گرێبەستەکانی نەوتدا بخشێنێتەوە، بەڵام کۆمپانیاکان ئەوە بە دەستکاریکردنی گرێبەستەکانیان دەزانن و داوا دەکەن تەنیا وردبینیی تێچووەکان بکرێت و ئەوە لە رووى یاساییەوە کێشە بۆ گرێبەستەکانیان دروست دەکات."
 
یەکێکی دیکە لەو تێبینییانەی کە کۆمپانیاکان لەسەر ئەو رەشنووسە هەیانە ئەوەیە، کۆمپانیا راوێژکارییەکە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت بەگوێرەی کێڵگەکان بە جێگیری دیاری دەکات، بەڵام کۆمپانیاکان ئەوەش رەتدەکەنەوە، بەو پێیەی گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای گرێبەستی بەشدارییە و ئەو تێچووە بەگوێرەی نرخی فرۆشتنی نەوت گۆڕانکارى بەسەر شایستە داراییەکانیاندا دێت و کەم و زیاد دەکات. 
 
کاری ئەو کۆمپانیایە بەگوێرەی هەمواری یاسای بودجەی گشتی دەبێت، کە 17ی شوباتی 2024 پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دا. بە گوێرەی هەموارەکە عێراق و هەرێمی کوردستان 60 رۆژییان لەبەردەمە بۆ رێککەوتن لەسەر دەستنیشانکردنی کۆمپانیاکە، تاوەکو ئەو کاتەش کە کۆمپانیاکە خەمڵاندن بۆ نرخی تێچووی دەرهێنانی نەوت دەکات، دەبێت حکومەتی عێراق 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەکو تێچوو بداتە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.
 
ناردنى رەشنووشى کارى کۆمپانیا راوێژکارییەکە لەلایەن وەزارەتى نەوتەوە هاوکات بوو لەگەڵ بوونى شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا و دانوستاندن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەى دۆسیەى نەوت، کە یەکێک لە گرێکوێرەکانی ئەو دانوستاندنانە شایستەى دارایی کۆمپانیاکان و قەرزە کەڵەکەبووەکانیانە.