کۆمپانیای DNO نیوەی پشکەکانی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل لە باشیک دەکڕێت
رووداو- هەولێر
کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند لەگەڵ کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل رێککەوتووە کە پەیوەست بێت بە مۆڵەتی باشیک لە هەرێمی کوردستان.
دی ئێن ئۆ رایگەیاند بە وەرگرتنی سەدا 40 ی پشکەکانی بژاردنی مۆڵەتی باشیک کە دەکاتە نیوەی پشکەکانی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل، دەبێتە کۆمپانیای ئۆپەرەیتەری مۆڵەتی باشیک.
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە ئەو مامەڵەیە لەگەڵ کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل هێشتا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسند نەکراوە، بەڵام دوای ئەوەی پەسند کرا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2018 دەست بە هەڵکۆڵینی دووەم بیری نەوت دەکات.
باشیک لە دووری 60 کیلۆمەتری هەولێر و 20 کیلۆمەتری شاری موسڵە، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل پێش هێرشی داعش لە ناوەڕاستی سالی 2014 دا کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی جیۆلۆجی و جیۆفیزیکی لەسەر ئەو مۆڵەتە ئەنجامداوە.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ ئێستا لە دوو بلۆکی تاوکێ و پیشخابوور، کۆمپانیای سەرکارە کە رۆژانە 110 هەزار بەرمیل لەو دوو بلۆکە نەوت بەرهەمدەهێنێت.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان