عەلی حەمە ساڵح: خواست لەسەر غاز 30٪ زیادیکردووە و ئەگەری دروستبوونی قەیران هەیە


رووداو دیجیتاڵ

ئەو غازەی رۆژانە دەگاتە کارگە حکومییەکان بەشی پێداویستیی خەڵک ناکات. ئێستا پێویستیی رۆژانەی پارێزگای هەولێر بۆ غازی ماڵان 400 تۆنە، بەڵام کەمتر لە 300 تۆنی پێدەگات، پێویستیی رۆژانەی پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 300 تۆنە، بەڵام 240 تۆنی پێدەگات، لە دهۆک پێویستیی رۆژانە 250 تۆنە، بەڵام تەنیا 100 تۆن غازیان پێدەگات.
 
رۆژانە لە کێڵگەی کۆرمۆر هەزار و 40 تۆن غاز بەرهەمدەهێندرێت، لەو رێژەیە ٪70 دەدرێتە کارگە حکومییەکان کە بە نرخی حکومەت دەیفرۆشن، ٪30ـی دەدرێتە کارگە بازرگانییەکان و بە نرخی بازرگانی دەیفرۆشن، کە نزیکەی 14 هەزار دینارە.
 
عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کردوویانە خواست لەسەر غاز نزیکەی 13٪ بۆ 20٪ زیادی کردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو قەیران بووە، ئەگەر ئەمساڵ بەهەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت "قەیرانەکە زۆر زۆر زیاتر دەبێت"، بۆیە داوایان کردووە چەند رێوشوێنێک بگیرێنە بەر.
 
یەکێک لە گەڕەکەکانی هەولێر بریکارەکە لەرێگەی پسوولەی خۆراک غاز بە نرخی حکومی کە 8،500 دینارە دابەشدەکات، هەر ماڵێک مانگانە تەنیا 2 غازی حکومی پێدەدرێت، ئەو کاتەی بوتڵە غازەکە وەردەگرن مۆرێک لە پسووڵەکەیان دەدرێت، بۆئەوەی نەتوانن غازی زیادە وەربگرن.
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر دەڵێت، هەندێک گەڕەک هەن کە وەکو پێویست غازیان پێ ناگات، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، رەنگە بەشێک لە بریکارەکانیش غازەکەیان لە بازاڕی رەش بفرۆشن، بۆیە بڕیاریان داوە لە رێگەی پسووڵەی خۆراکەوە غاز دابەشبکرێت.