سەفین دزەیی: هەناردەنەکردنەوەی نەوت زیانی 28 ملیار دۆلاری هەبووە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە کۆمپانیاکانی نەوت کە شایستە داراییەکانیان وەردەگرن و دەشڵێت، ''عێراق بۆ وەرگرتنی 1.5 ملیار دۆلار قەرەبوو لە تورکیا، زیانی 28 ملیار دۆلاری لە ئێمە و لە خۆی داوە.''
ئەمڕۆ دووشەممە 08-09-2025، بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و سوپارک برێنتکورا، باڵیۆزی نانیشتەجێی تایلەند لە عێراق، کۆڕبەندێکی ئابووری لە زانکۆی جیهانی هەولێر بەڕێوەچوو.
سەفین دزەیی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا باڵیۆزی تایلەند کە لە ئوردن نیشتەجێیە، چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، ''بۆئەوەی زیاتر لەگەڵ کوردستان ئاشنا ببێت و لەڕووی ئابوورییشەوە پردی پەیوەندییەکان بەهیزتر بکرێت.''
مانگی ئایاری ئەم ساڵ شاندێکی ئابووری و بازرگانیی هەرێمی کوردستان سەردانی تایلەندی کرد. بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتی، ''بەشداریکردنیان لە چەندین کۆڕبەندی ئابووری دەبێتەهۆی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تایلەند. ئێمە دەتوانین سوود لە ئەزموونی تایلەندییەکان وەربگرین.''
سەفین دزەیی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بازاڕێکی ئازاد و کراوەیە کە لەڕووی کەرتی تایبەتەوە پەرەی پێدەدرێت و رایگەیاند، ''سیاسەتی ئێمە بایەخدانە بە کەرتی تایبەت، بە مەبەستی فرەچەشنکردنی ئابووری و لە هەمانکاتدا کردنەوەی دەرگەیەک بۆ وەبەرهێنەرانی وڵاتانی جیاجیا.''
شاندێکی بازرگانیی ئەمریکا بە سەرپەڕشتیی ستیڤ لوتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی وڵاتەکە لە هەرێمی کوردستانن. بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت، ''راستە ئاستەنگ و گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زۆرن، بەڵام رێگر نابن لە پەرەپێدانی لایەنی ئابووریمان لەگەڵ وڵاتانی دیکە.''
بەگوتەی سەفین دزەیی، شاندە بازرگانییەکەی ئەمریکا ''لەگەڵ هاوتایانی خۆیان لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن کە بە چی شێوەیەک بتوانن پڕۆژەی هاوبەش ئەنجام بدەن یان لە هەموو بوارێکەوە هاوکاری یەکدی بن.''
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسی لەوەش کرد، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆنسووڵخانەی هۆڵەنداش لە هەولێر بۆنەیەک رێکدەخەن کە پەیوەستە بە پەیوەندیی ئابووریی نێوان وڵاتەکە و هەرێمی کوردستان.
سەفین دزەی گوتی، ''بەهێزکردنی ئابووری و پێگەی ئابووریمان یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی حکومەتە. ئابوورییەکی بەهێز بە واتای سیاسەتێکی بەهێزە و ئەوەش سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.''
''گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن''
پرسی مووچە، بڕی داهاتی نانەوتی و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت ئاستەنگی نێوان هەولێر و بەغدان. بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتی، ''گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن، بەڵام هەموو کێشەکان بە یەک دانیشتن چارەسەر ناکرێن.''
سەفین دزەیی ئەوەشی خستەڕوو، ''گرنگ ئەوەیە دانوستاندن بەردەوامە و تیمە هاوبەشەکان کاری خۆیان بە رێکوپێکی دەکەن، بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەرێکی گونجاو بۆ بەدەستهێنانی سەرجەم ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی بەپێی یاسای بودجە و دەستوور دەکەونە ئەستۆی.''
''هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی هێرشە درۆنییەکان تووند بوو''
لە مانگی تەممووزدا 20 هێرشی درۆنی کرانە سەر باشووری کوردستان؛ لەو ژمارەیە 7یان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بوون، ئەوەش توانای بەرهەمهێنانی نەوتی کەمکردەوە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژە بە هەڵوێستی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، ''هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر هێرشە درۆنییەکان زۆر تووند بوو. وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ حکومەتی عێراق هەڵوێستێکی روون و ئاشکرای هەبوو.''
سەفین دزەیی باسی لەوە کرد، ئەمریکا لایەنگری ئارامی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ''بەڵام لە هەمانکاتیشدا بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەپارێزن، چونکە دوو لەو چوار کۆمپانیایانەی نەوت کە بە درۆن کرانە ئامانج، ئەمریکی بوون، بۆیە هەڵوێستیان ئەوەیە کە ئەو شوێنانە پارێزراو بن.''
هێرشە درۆنییەکان زیانی زۆریان بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاند. ئەوکات عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی 200 هەزار بەرمیلی نەوتی لە دەستداوە.
دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 25ی ئاداری 2023وە لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیرا.
سەفین دزەیی گوتی، ''عێراق و هەرێمی کوردستان لەکاتی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتەوە زیاتر لە 28 ملیار دۆلار زیانمەند بوون.''
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کرد، ''دوای بڕیاری دادگەی پاریس، پێویست بوو تورکیا نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار وەکو قەرەبوو بداتە عێراق. ئێستا لۆژیکی نییە ئەگەر عێراق چاوەڕێ بکات ملیارێک و نیو وەربگرێ، بەرامبەر زیانی 28 ملیار دۆلار.''
سەفین دزەیی جەختی لەوە کردەوە، ''گفتوگۆکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بەردەوام دەبن و کۆمپانیاکانی نەوتیش دڵنیا بن کە شایستە داراییەکانی خۆیان وەردەگرن.''