نوێنەری هەرێمی کوردستان لە واشنتن: لە بەرژەوەندیی ئەمریکایە هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەیان بازرگانی ئەمریکی بە نوێنەرایەتیی کۆمپانیاکانیان لە هەرێمی کوردستانن، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا دەڵێت، گرنگییەکی زۆر بە کۆمپانیا بازرگانییە ئەمریکییەکان دەدەن و رەنگدانەوەکەشی بوونی ئەو شاندەیە لە بازرگانانی ئەو وڵاتە کە هاتوون.
 
تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا لەبارەی هاتنی ئەو شاندە لە بازرگانانی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ساڵ سەرنج دەخەنە سەر ئەوەی شاندەکە هەمەچەشنتر بکەن، "واتە کەرتە جیاوازەکان لێرەن کە تەنها سەرنجیان لەسەر بوارێکی دیاریکراو نییە، بۆیە زۆر دڵخۆشین کە کۆمپانیای کەرتی خزمەتگوزاریی دارایی، پیشەسازیی تەکنەلۆژیا، پەروەردە و تەندروستیمان هەیە."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا پێیوایە، لە بەرژەوەندیی حکومەتی ئەمریکا و کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکییە "بە زووترین کات هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە دەستپێبکرێتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر نەرمیی نواندووە، دانوستانمان کردووە و سەردانی بەغدامان کردووە."
 
تریفە عەزیز ئەوەی خستەڕوو کە کێشەکە ئەوەیە، پێویستیان بەوەیە لایەنی بەرامبەریش، کە بەغدایە، کراوە بێت بەرامبەر بەم شتە، "دەمانەوێت کۆمپانیا ئەمریکییەکان بێنە کوردستان بۆ وەرگرتنی دڵنیایی، بۆئەوەی هەست بە ئاسوودەیی بکەن لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام ئەمە پرسێکە بەردەوام کاری لەسەر دەکەین، حکومەتی ئەمریکا کاری لەسەر دەکات. ئیشەڵڵا بەمزووانە [هەناردەکردنەوەی نەوت] دەستپێدەکاتەوە."
 
نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا باوەڕی وایە، پەیوەندییە ئابوورییە بەهێزەکان و بوونی بازرگانیی بەهێز شانبەشانی ئاسایش و پەیوەندییە سیاسییەکانن، "مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانمان بەو پەیامەوە هاتە واشنتن، کە دەمانەوێت پەیوەندییەکەمان بگوازینەوە بۆ قۆناخی داهاتوو کە بازرگانییەکی بەهێزتری ئابوورییە، وەک سەرۆک دۆناڵد ترەمپیش دەڵێت، ئێمە دەمانەوێت بازرگانی بکەین نەک ململانێ."