زەنگەنە: مۆدێلی نوێی گرێبەستە نەوتییەکانی ئیران لە لەندەن بڵاودەکرێتەوە

رووداو-Irna


بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند کە پرۆژە نەوتییەکانی ئێران لە چوارچێوەی مۆدێلی نوێی گرێبەستە نەوتییەکانی  ئەو وڵاتە لە شاری لەندەن رادەگەیەنرێت.

زەنگەنە گوتی وەزارەتی نەوتی ئێران چوارچێوەی نوێی گرێبەستە نەوتییەکانی بۆ پەسەندکردن رادەستی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتە کردووە.

زەنگەنە لە وەڵامی پرسیارێکدا رایگەیاند "پێویست ناکات مۆدێلی نوێی گرێبەستەکانی نەوتی ئێران لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەنگی لەسەر بدرێت و بەتەنیا حکومەت دەتوانێت لەمبارەیەوە بریار بدات".

مۆدیلی نوێی گرێبەستەکانی ئێران کە بە گرێبەستەکانی جۆری چوارەم ناوی دەرکردووە، پاش چوار مانگ تاوتوێکردن و ئامادەکردنی ساڵی رابردوو لە کۆنفرانسێکدا لە ئێران تاوتوێ کرا.

لە گرێبەستە نوێیەکانی ئێران، پرۆژە نەوتییەکان هەر لە سەرەتاوەو لە قۆناغی دۆزینەوە تا بەرهەمهێنان وەک یەک پاکێج پیشکەش دەکرێن.

لە مۆدێلی نوێی گرێبەستە نەوتییەکانی ئێران، ئاسانکاری زۆر بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کراوە بۆ ئەوەی لەو وڵاتە وەبەرهێنان بکەن.