نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت نزیکبووەوە لە 66 دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت بەرزبووەوە و کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی خاو، بەنزین و سووتەمەنیی کۆگاکراو لە ئەمریکا بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەژمار دەکرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2025 نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە رێژەی 0.7% بەرزبووەوە و بە 65 دۆلار و 91 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی 0.8% بەرزبووەوە و بە 62 دۆلار و 23 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا هەفتەی رابردوو 3.67 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە.
قەبارەی بەنزین و گازوایلی کۆگاکراویش هەریەکەیان بە بڕی 1.3 ملیۆن و 1.8 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە.
بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخی نەوت هاوکاتە لەگەڵ ئەو پێشبینییانەی لەبارەی زۆریی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا دەکرێن.
هەرچەندە بڕیاری ئەم هەفتەیەی ئۆپێک پڵەس بۆ زیادکردنی 137 هەزار بەرمیل نەوت لە مانگی داهاتوودا لەلایان بازرگانانەوە وەک هێمایەک چاوی لێدەکرێت، کە بە ئەگەری زۆرەوە زیادەی نەوت لە بازاڕدا بەرەو کۆتاییهاتن دەڕوات.
پێشبینی دەکرا ئۆپێک پڵەس نزیکەی 500 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر لە مانگی داهاتوو بخاتەڕوو، بەڵام بڕیاری ئەو رێکخراوە وریاییەکی تەواوی پێوەدیارە.