کیێڤ: رووسیا لە دەریای رەش دوو کەشتیی بارهەڵگری پێکا و هاووڵاتییەکی سووریا کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی، ئۆکراینا رایگەیاند کە رووسیا لە کەناراوەکانی باشووری وڵاتەکەی لە دەریای رەش، دوو کەشتیی بارهەڵگری کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئەندامێکی دەستەی کەشتیوانیی یەکێک لە کەشتییەکان کوژراوە، کە خەڵکی سووریایە.
ئۆلێکسی کۆلێبا، وەزیری بووژاندنەوەی ئۆکراینا لە تەلەگرامەوە رایگەیاند، یەکێک لە کەشتییەکان لە رێگەدا بووە بۆ بەندەری چۆرنۆمۆرسک لە باشوور بۆ بارکردنی دانەوێڵە، ئەوەی دیکەش لە نزیک بەندەری ئۆدێسا کراوەتە ئامانج، لەکاتێکدا سۆیای دەگواستەوە.
کۆلێبا گوتی، "بەداخەوە، هێرشەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ئەندامێکی دەستەی کەشتیوانی، کە هاووڵاتییەکی سووریایە." هەروەها گوتیشی، "ئەمە نموونەیەکی دیکەیە کە رووسیا بە ئەنقەست ئامانجە سڤیلەکان، هاتووچۆی نێودەوڵەتیی کەشتییەکان و گواستنەوەی خۆراک دەکاتە ئامانج."
کیێڤ چەندین جار مۆسکۆی تۆمەتبار کردووە بەوەی، لە دەریای رەش هێرش دەکاتە سەر ئەو کەشتییە بارهەڵگرانەی کە خۆراک بۆ ئۆکراینا دەهێنن یان دەیبەنە دەرەوە.
مانگی رابردوو، ئۆکراینا رووسیای تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنە سەر دوو کەشتیی تورکی: یەکێکیان رۆنی گوڵبەڕۆژەی دەگواستەوە و ئەوەی دیکەشیان میوە و سەوزە و پێداویستی دیکەی خۆراکی بارکردبوو.
لای خۆیەوە مانگی رابردوو تورکیا هۆشداری دا لە "ئاڵۆزییەکی مەترسیدار" لە دەریای رەش، دوای ئەوەی ئۆکراینا رایگەیاند، بە درۆنی دەریایی هێرشی کردووەتە سەر ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی پەیوەندییان بە رووسیاوە هەیە لە ناوچەکە.
لە مانگی کانوونی یەکەمدا (مانگی 12)، لە گفتوگۆیەکی راستەوخۆدا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا؛ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا داوای "ئاگربەستێکی سنووردار"ی کرد بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر بەندەر و دامەزراوەکانی وزە.